ئیسرائیل: کشانەوەمان لە لوبنان بەستراوەتەوە بە چەککردنی حزبوڵڵاوە

حکوومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: هێزەکانی وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا بە تەواوی چەک دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن نێوەندگیریی دانوستاندنی چڕ لە نێوان هەردوو لایەندا دەکات.

پیێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا وەک هەڕەشە بمێنێتەوە و چەک و توانای سەربازیی لێ دانەماڵرێت، هێزەکانمان لە باشووری لوبنان ناکشێنینەوە."

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و لوبنان، هەر جۆرە کشانەوەیەکی سوپای ئیسرائیلیان لە ناوچەی دابڕاوی باشووری لوبنان رەتکردبووەوە.

ئەم پێشهاتەش دوای لێدوانێکی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هات کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو ئیسرائیل لە چوارچێوەی "نیازپاکی" بەرامبەر حکوومەتی لوبنان، لە بەشێک لە ناوچەی دابڕاو کشاوەتەوە و پێویستە سوپای لوبنان بچێتە شوێنیان.

ئێستا، هەردوو لایەن پێشنیازێکی ئەمریکی تاوتوێ دەکەن کە تێیدا هێزە ئیسرائیلییەکان ئەو ناوچانەی لە کاتی شەڕی حزبوڵڵادا دەستیان بەسەردا گرتووە، rادەستی سوپای لوبنان بکەنەوە. ئەم پێشنیازە کە بە دروستکردنی "ناوچەی تاقیکاری" ناسراوە، لە مێزی دانوستاندندایە، بەڵام هاوکات بەهۆی هەوڵەکانی ئێران بۆ هاوتەریبکردنی پرسی لوبنان لەگەڵ دانوستاندنە تایبەتەکانی خۆی لەگەڵ واشنتن، پرۆسەکە خاوبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.