ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڤێنێزوێلا گەیشتە 235 کەس
تیمەکانی فریاگوزاری لە ڤێنێزوێلا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای رزگاربووان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا، دوای ئەوەی دوو بوومەلەرزەی بەهێز ئەو وڵاتەیان هەژاند و تا ئێستا گیانلەدەستدانی 235 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، لە کاتێکدا پاشلەرزەکان هێشتا بەردەوامن.
ویلایەتی "لا گوايرا" لە باکووری کێراکاسی پایتەخت، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. دانیشتووانی ناوچەکە بە هاوکاریی تیمەکانی فریاگوزاری، بەردەوامن لە گەڕان بەدوای کەسوکاریاندا کە لەژێر داروپەردووەکاندا گیریان خواردووە، لەکاتێکدا دەنگی داوای هاوکاری لەناو باڵەخانە رووخاوەکانەوە دەبیسترێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیمانگای جیۆلۆجیی ئەمریکی، بوومەلەرزەی یەکەم بە گوڕی 7.2 پلە بووە، دوای 39 چرکە بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلە روویداوە، دواتریش نزیکەی 30 پاشلەرزە ناوچەکەیان هەژاندووە. ئەمە بە بەهێزترین چالاکیی بوومەلەرزە لە ڤێنێزوێلا دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا.
کارلۆس ئەلڤارادۆ، وەزیری تەندروستی ڤێنێزوێلا رایگەیاند، ژمارەی قوربانییان بۆ 235 قوربانی بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 1500 کەسی دیکەش بریندارن، جگە لەوەی دەیان کەسی دیکە بێسەروشوێنن و تیمەکانی فریاگوزاری هەوڵ دەدەن بگەنە لایان.
یەکێک لە دانیشتووانی ویلایەتی لا گوايرا دەڵێت، کچێک بەناوی "جێنیفەر" هێشتا لەژێر باڵەخانەیەکی رووخاودا بە زیندوویی ماوەتەوە، بەڵام کەمیی ئامێر و پێداویستی بووەتە رێگر لەبەردەم رزگارکردنی. خێزانەکانی دیکەش ئامێری سەرەتایی بەکاردەهێنن بۆ لابردنی پارچە کۆنکرێتەکان و رزگارکردنی کەسوکاریان.
لای خۆیەوە، دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی ڤێنێزوێلا بەوەکالەت، ویلایەتی "لا گوايرا"ی وەک ناوچەیەکی کارەساتبار ناساند. هەروەها بڕیاردرا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "مایکیتیا" کە خزمەت بە کێراکاسی پایتەخت دەکات، بەهۆی زیانە زۆرەکانی ژێرخانەکەیەوە دابخرێت.
لەگەڵ فراوانبوونی قەبارەی کارەساتەکە، هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڤێنێزوێلا رەوانە کران. نەتەوە یەکگرتووەکانیش لای خۆیەوە جەختی لە کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری کردەوە. هاوکات ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی و ئاسیایی ناردنی تیمی پسپۆڕ و هاوکاریی مرۆیی بەپەلەیان بۆ ئەو وڵاتە راگەیاند.
کاریگەریی بوومەلەرزەکان گەیشتە وڵاتە دراوسێکانیش و لە کۆڵۆمبیا و بەڕازیل هەستی پێکرا، بەڵام دەسەڵاتداران دڵنیاییاندا کە هیچ مەترسییەکی دروستبوونی شەپۆلی "سونامی" لەسەر کەناراوەکانی دەریای کارایبی لە ئارادا نییە.