واشنتن بە بڕی 700 ملیۆن دۆلار بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکان بە تورکیا دەدات

رڕۆکەی "KAAN"
رڕۆکەی "KAAN"

ئیدارەی ئەمریکا پلانی هەیە بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا بفرۆشێت. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی سیاسیی گرنگ بەرەو ئەنقەرە لەقەڵەم دەدرێت پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ، لە کاتێکدا کۆنگرێس تەنیا 15 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ بڕیاردان لەسەر رێگریکردن یان تێپەڕاندنی ئەم گرێبەستە.

ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، ئیدارەی واشنتن پلانی هەیە بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی رەوانەی تورکیا بکات. ئاماژە بەوەش کراوە کە باس لە دەیان بزوێنەر دەکرێت و ئێستا کۆنگرێسی ئەمریکا 15 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەگەر رەزامەند نەبێت، رێگری لە جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە بکات.

رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، رادەستکردنی ئەم بزوێنەرانە دەبێتە "ئاماژەیەکی گرنگ" بۆ ئەنقەرە، بەتایبەت کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا لووتکەی ناتۆ لەوێ بەڕێوەبچێت.

ئەم بزوێنەرانە لەلایەن کۆمپانیای "جەنەراڵ ئەلیکتریک"ـەوە بەرهەمهێنراون و بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی "کان - KAAN"ـی نەوەی پێنجەم تەرخان دەکرێن کە تورکیا پەرەیان پێدەدات. فڕۆکەی کان وەک جێگرەوەیەکی ناوخۆیی تورکیا بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی "F-35"ـی ئەمریکی دادەنرێت، دوای ئەوەی واشنتن ئەنقەرەی لە بەرنامەی ئەو فڕۆکە پێشکەوتووە دوورخستەوە.

پەرەپێدانی فڕۆکە جەنگییەکانی "کان" لە تورکیا لە ساڵی 2017ـەوە لە چوارچێوەی بەرنامەی نیشتمانیی فڕۆکە جەنگییەکان دەستیپێکردووە، بڕیاریشە لە ساڵی 2028 بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی دەستپێبکات.

پێشتر بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندبوو کە فڕۆکەی "کان" لە رووی کارامەیی و توانای جەنگییەوە لە فڕۆکەی "F-35"ـی ئەمریکی تێدەپەڕێنێت و لە داهاتوودا دەبێتە جێگرەوەی فڕۆکەکانی "F-16" کە ئێستا لە هێزی ئاسمانیی تورکیادا لە خزمەتدان.