دەم پارتی کۆبوونەوەی جەماوەری رێکدەخات

دەم پارتی بانگەوازی بۆ سازدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی جەماوەری لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکات، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی و داواکردنی ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. هاوسەرۆکانی پارتەکەش داوا لە لایەنگرانیان دەکەن بەشدارییەکی کارا لەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەدا بکەن.

تولای هاتیمۆئۆغلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، لە پەیامێکی هاوبەشدا داوایان لە کوردانی تورکیا و باکووری کوردستان و ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەیان کرد، بەشداری لەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەدا بکەن کە بڕیارە سبەی و دووسبەی لە شارە گەورەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەبچن.

بەرپرسانی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجی سەرەکییان لە رێکخستنی ئەم کۆبوونەوانە، دەربڕینی پشتیوانییە بۆ پرۆسەی ئاشتی و داواکردنی ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. هاوکات ئەم جووڵە جەماوەرییە وەک فشارێکە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا، تاوەکو هەنگاوی یاسایی و سیاسیی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنێن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی و دووسبەی ئەم کۆبوونەوە جەماوەرییانە لە شارەکانی دیاربەکر، وان، ئیستانبوڵ، مێرسین و چەند شارێکی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەبچن.