کرێکاران بە زیادکردنی مووچەی خانەنشینی خۆشحاڵن
بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینی کرێکاران بۆ 500 هەزار دینار، دەنگدانەوەیەکی فراوانی لە ناوەندە جیاوازەکانی کرێکاران لێکەوتەوە. کرێکاران ئەم هەنگاوە بە دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان و دابینکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر دەزانن.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کەمترین مووچەی خانەنشینی ئەو کرێکارانەی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون بۆ 500 هەزار دینار بەرز بکاتەوە، شەپۆلێکی دڵخۆشی ناو توێژی کرێکارانی گرتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینی کرێکاران تەنیا 150 هەزار دینار بوو، کە بەهیچ شێوەیەک بەشی پێداویستییەکانی ژیانی نەدەکردن.
لە قەزای سۆران، ژمارەیەک لە کرێکاران لەوانە محەمەد سدیق، چیا عەزیز و نێرگز ئیبڕاهیم لە لێدوانەکانیاندا بۆ کوردستان24 ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم بڕیارەی حکوومەت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینن بۆ گەرەنتی کردنی ژیانیان لە پیریدا. ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە هانی گەنجان و کرێکارانی کەرتی تایبەت دەدات زیاتر متمانە بە سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
هاوکات لە شاری سلێمانیش، هاووڵاتییان و کرێکاران بە هەمان شێوە پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد. بورهان رەمەزان، رەئوف فەتاح و دلشاد هاشم ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم زیادکردنە هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی سەر شانی خێزانەکان. ئەوان دەستخۆشییان لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ ئەم بڕیارە کە راستەوخۆ کار دەکاتە سەر باشترکردنی ئاستی بژێوی چینی هەژار و کرێکار.
بەرپرسانی پەیوەندیداریش داوا لەو کرێکارانە دەکەن کە تا ئێستا ناوی خۆیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار نەکردووە، بە زووترین کات سەردانی فەرمانگەکان بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەم مووچە نوێیەی خانەنشینی سوودمەند بن و مافە یاساییەکانیان پارێزراو بێت.