بەقایی: دانوستان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان ناکەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا جەخت دەکاتەوە کە توانای سەربازی ئێران تەنیا بۆ بەرگرییە لە خۆ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، و رایدەگەیەنێت کە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی دانوستانی لەبارەیەوە ناکرێت.
هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: ئێران زیاتر لە لە هەر لایەنێک پابەندە بە ئاسایشی ناوچەکە. ئەو رەخنەی لە ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو گرت کە بۆ پاراستنی خۆیان پەنا بۆ لایەنی دەرەکی دەبەن و ئەمەی بە شکست لە فێربوون لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو ناوبرد.
بەقایی لە پەیامەکەیدا پرسیاری ئاراستەی دراوسێ باشوورییەکانی ئێران کرد و گوتی: "بۆچی دەستدرێژی دەکەنە سەر دراوسێیەکی موسڵمانی خۆیان و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن؟ بۆچی رێگە دەدەن خاکەکەیان دژی ئێران بەکاربهێنرێت یان مووشەکی لێوە ببارێنرێت؟" هەروەها رەخنەی توندی لە کێبڕکێی چەکداری و خەرجکردنی سەدان ملیار دۆلار بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتوو گرت کە بە بڕوای ئەو هیچ پاساوێکی بەرگرییان نییە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، جێگەی سەرسووڕمانە کە ئەو وڵاتانە بێدەنگن بەرامبەر "دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی" بۆ سەر فەلەستین، لوبنان و سووریا، و هیچ هەڵوێستێکیان نییە بەرامبەر کۆگای ئەتۆمی ئیسرائیل، لە کاتێکدا توانای بەرگری ئێران وەک هەڕەشە وێنا دەکەن.
بەقایی جەختی کردەوە، توانای سەربازی ئێران مافێکی ڕەوای گەلی ئێرانە بۆ بەرگری لە خۆی بەرامبەر تاوان و دەستدرێژییەکان. راشیگەیاند: "ئاسایشی نیشتمانی و کەرامەتی ئێران جێگەی هیچ مەرج و سازشێک نییە؛ مافی بەرگری لە خۆکردن و ئامرازەکانی ئەو بەرگرییە ناتوانرێت لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکرێتە بابەتی دانوستان یان سەودا."