زووم چیرۆکی بێدەنگکردنی ستۆدیۆکانی بڵاودەکاتەوە
دوای دوو ساڵ لە تەمەنی، دەزگای میدیایی زووم نیوز وردەکاریی 10 مانگ مانەوە لەژێر زەبری چەک و داگیرکردنی باڵەخانە و ئۆفیسی کەناڵەکە ئاشکرا دەکات.
هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، کەناڵی زووم نیوز لە راگەینداروێکدا باس لە دۆخی ئێستای کەناڵەکە و ئەو رووداوانە دەکات کە لە دوای هێرشەکەی سەر هۆتێل لالەزار روویاندا و بە هۆیەوە کەناڵەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستی بەسەرداگیرا و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، زووم لە 25/06/2024 بە ئامانجی کارێکی میدیایی هێمن و سەنگین دەستی بەکارکرد، بڕیاربوو لە ساڵی دووەمی تەمەنیدا وەرزی نوێی کارەکانی بە ستۆدیۆی هاوچەرخ و سوپڕایزی جیاوازەوە پێشکەش بکات، بەڵام دوای رووداوەکەی لالەزار رووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا رۆیشتن.
باس لەوەش کراوە، تەنها هەفتەیەک مابوو بۆ راگەیاندنی وەرزی نوێ و سوپڕایزەکەی زووم، بەڵام لە 22ـی ئابی 2025، هێزەکانی یەکێتی بە هێرشێکی چەکداری کۆنترۆڵی باڵەخانەی کەناڵەکەیان کرد.
بەگوتەی بەرپرسانی زووم، ئەو هێزانە نەک تەنها باڵەخانە و ئۆفیسی کەناڵەکەیان داگیرکرد، بەڵکو دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلە تەکنیکییەکان، بودجە و شایستە داراییەکانیشدا گرت، بەوەش درێژترین و تاڵترین سوپڕایزی مێژووی راگەیاندنیان تۆمار کرد.
لە راگەیەندراوەکەی کەناڵی زووم جەخت لەوەکردوەتەوە، ئێستا 10 مانگی رەبەق بەسەر ئەو هێرشەدا تێدەپەڕێت، زووم ئەو کارەی هێزە چەکدارەکان بە کاولکاری و ترس و تۆقاندن وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەوان بەجۆرێک مێژوویان تۆمارکرد کە تیایدا چەک بوو بە سوپڕایز بۆ وشە."
لە کۆتاییدا زووم جەخت دەکاتەوە، هەرچەندە ئێستا ستۆدیۆ و بودجەیان لێ زەوت کراوە، بەڵام ئیرادەیان ماوە و پێیان وایە ستۆدیۆی راستەقینەی زووم لە دڵ و ویژدانی خەڵکدایە، نەک لەو باڵەخانەیەی کە هێزی چەکداری تیادا جێگیر کراوە.