زیاتر لە 600 کەشتی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە

رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO) رایگەیاند، سەرەڕای دەستپێکردنی پرۆسەی چوونە دەرەوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 600 کەشتی لە ناو گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە و گەمارۆدراون.

هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، ئارسینۆ دۆمینگێز، سکرتێری گشتی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکان دەستیان بە جێهێشتنی گەرووی هورمز کردووە، هاوکات هۆشداریی دا بە کەشتییەکان کە سەرکێشی نەکەن و ئەو رێڕەوانە بەکارنەهێنن کە بۆ تێپەڕبوون رێگەیان پێنەدراوە.

دۆمینگێز گوتیشی: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە لە گفتوگۆداین بۆ دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بۆ کەشتییەکان، هەروەها لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی هێرشکردنە سەر کەشتییەک دەکەین کە دوێنێ دوای تێپەڕبوونی لە گەرووی هورمز لە رێڕەوی باشوورەوە، هێرشی کرایە سەر.

سکرتێری گشتی رێکخراوەکە روونیکردەوە، دوو رێڕەوی سەرەکی بۆ چوونە دەرەوە لە گەرووەکە هەن، یەکەمیان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە و ئەوی دیکەیان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا و سوڵتاننشینی عومانە، هەروەها راشیگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا توانیویانە 150 کەشتی کە 4 هەزار دەریاوانیان تێدابووە رزگار بکەن، بەڵام هێشتا زیاتر لە 600 کەشتی دیکە لەوێ ماونەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە گەرووی هورمز بە هۆی گرژیی و پێکدادانەکانەوە تا ئێستا 14 دەریاوان گیانیان لەدەستداوە.