عومان باج و رێکاری نوێ بەسەر کەشتییەکاندا دەسەپێنرێت

عومان بەرپرسانی ئەوروپای ئاگادار کردووەتەوە کە هاتوچۆ لە گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ شێوازە ئاساییەکەی پێش جەنگ و ئەگەری هەیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا تێچوو و باجی نوێ بەسەر ئەو کەشتییانەدا بسەپێنرێت کە بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕن. ئەم هەنگاوە نیگەرانییەکی قووڵی لای ئەمریکا و وڵاتانی رۆژاوا دروست کردووە، چونکە مەترسی هەیە ببێتە هۆی زیانی ملیاران دۆلار بۆ کەرتی گواستنەوە و بازرگانیی جیهانی.

هەینی 26ی حوزەیرانی 2026 بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، ئەو باجە پێشنیازکراوانەی عومان دەیەوێت بییانخاتە سەر کەشتییەکان، خزمەتگوزارییەکانی وەک پاککردنەوەی ژینگە و هاوکاریی گەشتیاری دەگرێتەوە؛ ئێستا مەسقەت خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە گەرووە گرنگەکانی جیهان، وەک گەرووی مالاگا لە ئاسیا، تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی کارکردنی سیستەمی باجە ناچارییەکان بکات، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا ئەم باجانە بۆ هەموو کەشتییە بازرگانییەکان دەبنە ناچاری یان نا.

بە پێی راپۆرتەکە، بەرپرسانی رۆژاوا دەترسن مەسقەت سیستەمێکی هاوبەشی کۆکردنەوەی باج لەگەڵ ئێران دابمەزرێنێت. وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، سعوودیە و ئیمارات هۆشدارییان داوە کە هەر جۆرە باجێکی ناچاری، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا دەریاییە نێودەوڵەتییەکانە.

بڕیاریشە رۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تارق کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی دەریایی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی هاتوچۆی بێ مەرج لە گەرووەکەدا.

عومان کە هەمیشە وەک لایەنێکی بێلایەن دەردەکەوت،ئێستا لە نێوان بەرداشی رکابەرەکاندا گیری خواردووە. بەرپرسانی عومانی بە هاوتا ئەوروپاییەکانیان راگەیاندووە، لەژێر فشارێکی توندی تاراندان. ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوباتدا بەهۆی هێرش و هەڕەشەکانیەوە گەرووەکەی داخست، ئێستا داوای بەڕێوەبردنی هاوبەشی هاتوچۆی هورمز دەکات و مەرجی دڵنیایی ئێرانی بەسەر کەشتییەکاندا سەپاندووە.

لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، دەبێت ئێران گەرەنتی هاتوچۆی بێ بەرامبەر لە گەرووەکەدا بدات بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئاشتی هەمیشەیی واژۆ بکرێت. هۆشداریشی داوە کە قبووڵکردنی هەر باجێک دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە هەموو گەرووەکانی دیکەی جیهاندا.

هەرچەندە دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی کاتی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، هەناردەی نەوت زیادی کردووە و نرخەکەی دابەزیوە، بەڵام هێشتا ئاستی هاتوچۆی کەشتییەکان نەگەیشتووەتەوە دۆخی پێش جەنگ.

مەترسییە ئەمنییەکانیش بەردەوامن، وەک چۆن رۆژی پێنجشەممە هێرشکرایە سەر کەشتیی کۆنتێنەرهەڵگری (Ever Lovely) لە ناو گەرووەکەدا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا ناوچەکە لە مەترسییەکی گەورەدایە.