ئەکسیۆس: ئیسرائیل و لوبنان گەیشتنە رێککەوتن

بەرپرسانی ئیسرائیلی و لوبنانی ئاشکرایان کرد، دوای چوار رۆژ لە دانوستانی چڕ لە واشنتن، هەردوو حکوومەت گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە بە فەرمی بۆ رای گشتی بڵاو بکرێتەوە.

هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و لوبنانەوە بڵاوی کردەوە، پاش چوار رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، هەردوو لایەن گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی کۆتایی لەسەر چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسی.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، رێککەوتنی چوارچێوەیی لەگەڵ لوبنان بەدی هاتووە و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی هەر ئەمڕۆ پەیامی فەرمیی هەردوو حکوومەت لەو بارەیەوە بڵاو بکرێتەوە.

هاوکات کەناڵی جەزیرە لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و هەردوولا لەسەر ناوەڕۆکی جاڕنامەی نیازپاکیی رێککەوتوون. بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مارکۆ روبیۆ، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بەڕێوە بچێت.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنە، دەستنیشانکردنی دوو ناوچەی تاقیکارییە کە هێزەکانی ئیسرائیل لێیان دەکشێنەوە. ئەم هەنگاوە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە و دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا دەبینرێت.

هەروەها دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە، پشتڕاستکردەوە ئیسرائیل و لوبنان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی نیشتمانی بۆ واژۆکردنی جاڕنامەی نیازپاکی و ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی کە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان. ئەم پێشوەچوونە دوای ئەوە دێت کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندیی تەلەفۆنیی بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنانەوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی دوایین خاڵە جێناکۆکەکان.

بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، قۆناخێکی تاقیکاری دەستپێدەکات کە تێیدا هێزەکانی ئیسرائیل لە دوو ناوچەی دیاریکراوی باشووری لوبنان دەکشێنەوە و هاوکات سوپای لوبنان دەچێتە ناو ئەو ناوچانە بۆ جێگیرکردنی ئاسایش. هەروەها هەردوولا لەسەر میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ توونێلەکان و رێگری لە گەیشتنی هاوکاریی سەربازی و پڕچەککردنەوەی حزبوڵڵا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

بڕگەیەکی دیکەی رێککەوتنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشەکانی دیکەی باشووری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی دڵنیایی دەدرێت لە داماڵینی چەکی حزبوڵڵا. هاوکات بڕیار دراوە دانوستانەکان لەسەر دیاریکردنی سنوورە وشکانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئاییندەدا بەردەوام بن.

سەرچاوە ئەمریکییەکان بە دەستەی پەخشی ئیسرائیلییان راگەیاندووە، مارکۆ روبیۆ بە شێوەیەکی مەیدانی بەشداریی لە بەشێک لە گفتوگۆکانی نێوان وەفدی هەردوولادا کردووە لە واشنتن، ئەمەش وەک هەوڵێکی کۆتایی بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە مێژووییەی کە بڕیارە ئەمشەو واژۆ بکرێت و کۆتایی بە قۆناخێکی سەختی جەنگ و گرژییەکان بهێنێت.

ئەم دانوستانانەی کە لە سێشەممەی رابردووە دەستیپێکردبووو بۆ ماوەی چوار رۆژ لەژێر چاودێری ئەمریکادا بەڕێوەچوون، وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە ناوچەکەدا.

هەرچەندە تا ئێستا وردەکاریی خاڵەکانی رێککەوتنەکە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەرپرسانی هەردوولا گەشبینی خۆیان نیشان داوە کە ئەمڕۆ کۆتایی بەو قۆناخە لە دانوستانەکان دەهێنرێت.