سوپای پاسداران بوونی هێڵی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە
سوپای پاسدارانی ئێران، بە توندی هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن دەکەن سەبارەت بە گەرووی هورمز و رایگەیاند، شتێکی لەو شێوەیە نە رووی داوە و نە رووش دەدات.
هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسداران رایگەیاند: "بانگەشەی بەرپرسانی ئەمریکی بۆ دروستکردنی هێڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە گەرووی هورمز، تەنها بوختان و هەڵبەستراوە." سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردەوە، گەرووی هورمز ئێرانییە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەو ناوچەیەوە نییە".
ئەم رەتکردنەوە توندەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران هەواڵی دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتی تەلەفزیۆنەکە، ئامانج لەو هەنگاوە رێگریکردن بووە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو لە گەرووی هورمز کە ببێتە هۆی پێکدادانی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوەش کردبوو، دروستکردنی ئەم کەناڵی پەیوەندییە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندی پێنجەمی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا واژۆ کراوە.
هاوکات کەناڵی (Press TV) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، لە بەیاننامەی کۆتایی گفتوگۆکانی هەفتەی رابردووی سویسرا، نێوەندگیرەکان رێککەوتبوون لەسەر دروستکردنی ئەم کەناڵە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
بەگوێرەی بەندی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران کە لە ئیسلام ئاباد واژۆ کراوە، بڕیار وایە گفتوگۆ لە نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومان بکرێت بۆ دیاریکردنی میکانیزمێکی بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووەکە و خزمەتگوزارییە دەریاوانییەکان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی سەروەری وڵاتانی کەناراوەکاندا بگونجێت.