ڤەنزوێلا.. ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە بۆ 920 کەس بەرزبووەوە

کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی چوارشەممەی ڤەنزوێلا گیانیان لەدەستدا، بۆ 920 کەس بەرزبووەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە زیاتر لە 50 هەزار کەس تا ئێستا بێسەروشوێنن و ئەگەری هەیە ژمارەی کۆچکردووان زۆر لەوە زیاتر بێت کە راگەیەندراوە.

بوومەلەرزەکان گوڕەکەیان 7.2 و 7.5 پلە بووە، وێرانییەکی گەورەیان لە دوای خۆیان جێهێشتووە. تیمەکانی فریاگوزاری لە 17 وڵاتی جیاوازەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ بەشداریکردن لە گەڕان بەدوای رزگاربوواندا. 

بەگوێرەی ئامارەکان، لە نێو قوربانییەکاندا هاووڵاتیانی ئیسپانی، پورتوگالی، بەڕازیلی، ئیتاڵی و چینی هەن، تەنیا ئیسپانیا بێسەروشوێنبوونی 99 هاووڵاتی خۆی لەو وڵاتە راگەیاندووە.

ناوچەی لا گوایرا لە باکووری پایتەخت زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مایکیتیا زیانی بەرکەوتووە و داخراوە، هەروەها چەندین باڵەخانە لە شاری کاتیا لا مار بە تەواوی رووخاون. 

حکوومەتی ڤەنزوێلا ناوچەی لا گوایرای وەک ناوچەیەکی کارەساتبار ناساند و خستیە ژێر کۆنترۆڵی سەربازییەوە، ئەوەش دوای سەرهەڵدانی دیاردەی تاڵانکردن لە ناوچەکەدا. هاوکات دێلسی رۆدریگێز سەرۆکی دەستبەکاربوو، لە کاتی سەردانیکردنی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی پایتەخت، لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە توڕەییەوە پێشوازی لێکرا و داوایان لێکرد کارەساتەکە بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنرێت.

لای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، 25 تیمی گەڕان و پزیشکی کە نزیکەی هەزار کەس دەبن، لە ناوچە جیاوازەکان بڵاوەیان پێکراوە. وڵاتانی ئەمریکا، سویسرا، مەکسیک، ئیتاڵیا، کۆڵۆمبیا و چەند وڵاتێکی دیکە تیم و هاوکاریی بەپەلەیان رەوانەی ڤەنزوێلا کردووە.