ئەوروپا بەرزترین پلەی گەرمای لە مێژوودا تۆمار کرد

هاووڵاتییەکی فەرەنسی لە کاتی خۆفێنککردنەوە (وێنە: AFP)
هاووڵاتییەکی فەرەنسی لە کاتی خۆفێنککردنەوە (وێنە: AFP)

رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی بواری کەشوهەوا رایگەیاند، ئەو شەپۆلە گەرمایەی چەند وڵاتێکی ئەورووپای گرتووەتەوە، لە مێژووی کەشناسیی ئەو کیشوەرەدا بەهێزترینە و ژمارە پێوانەییەکانی پێشووی شکاندووە، زانایانیش هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.

رێکخراوی نێودەوڵەتیی تایبەت بە کەشوهەوا (وۆرڵد وێزەر ئەتریبیوشن) لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەو شەپۆلە گەرمایەی چەندین وڵاتی ئەوروپا گرتووەتەوە، بەهێزترینە لە مێژووی کەشناسیی ئەو کیشوەرەدا. 

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوروپا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای نائاسایی بووەتەوە و تەواوی پێوانە تۆمارکراوەکانی مانگی حوزەیران و تەواوی ساڵەکەی شکاندووە. هەروەها دەڵێت، ئەم شەپۆلە لە سەرەتای دەستپێکردنی تۆمارەکانی کەشناسییەوە بەهێزترینە.

 باسی لەوەش کردووە، پلەکانی گەرما لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ناوچەکانی باشووری بەریتانیا، بە رێژەی پێنج بۆ 12 پلەی سەدی لە تێکڕای ئاسایی ساڵانەی وەرزی هاوین تێپەڕیوە، سەرەڕای ئەوەی مانگی حوزەیران بە گەرمترین مانگی ساڵ لە ئەوروپای رۆژئاوا هەژمار ناکرێت.

 زانایانی کەشوهەوا روونیان کردووەتەوە، دروستبوونی شەپۆلێکی گەرما بەم ئاستە لە مانگی حوزەیراندا، 50 ساڵ لەمەوبەر وەک شتێکی مەحاڵ سەیر دەکرا، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی 2003ـەوە ئەگەری روودانی ئەم جۆرە دیاردە کەشناسییانەی بە دەیان و سەدان جار زیاد کردووە.

زانایان جەخت دەکەنەوە، ئەم شەپۆلە گەرما پێوانەییەی ئەوروپای رۆژئاوای گرتووەتەوە رووی نەدەدا ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە نەبووایە، ئەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای لە شەوانی ئەم هەفتەیەدا بە رێژەی 100 جار زیاد کردووە، بەراورد بە دۆخی دوو دەیە پێش ئێستا. 

توێژینەوەکە دەریخستووە لە نێوان زیاتر لە 800 شاری ئەوروپیدا شیکاری بۆ داتاکانیان کراوە، 45%ـیان بەرزترین ئاستی فشارە گەرمایەکانیان بۆ کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران تۆمارکردووە یان پێشبینی دەکرێت تۆماری بکەن. فشاری گەرمیش ئەو کاتە دروست دەبێت جەستە ناتوانێت لە رێگەی ئارەقکردنەوەوە خۆی فێنک بکاتەوە.

بەگوێرەی شیکارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، لە ماوەیەک لە رۆژی هەینیدا پلەکانی گەرما لە ئەورووپا 35 پلەی سەدی تێپەڕاندووە و کاریگەریی لەسەر لانیکەم 150 ملیۆن کەس هەبووە، لە نێویاندا زیاتر لە 50 ملیۆن لە ئەڵمانیا و 30 ملیۆن لە فەرەنسا. رۆژی هەینی ئەڵمانیا بەرزترین پلەی گەرمای لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد و گەیشتە 41.3 پلەی سەدی لە ویلایەتی سارلاند لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە ئەوروپا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای نائاسایی بووەتەوە، پلەکانی گەرما 40 پلەی سەدییان لە فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە تێپەڕاندووە.

 رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیران، بەریتانیا بەرزترین پلەی گەرمای لە مانگی حوزەیراندا تۆمارکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس و پچڕانی کارەبا و داخرانی قوتابخانە و ناوەندە کولتوورییەکان. 

دەسەڵاتداران زەنگی سووریان راگەیاند، قوتابخانەکانیان داخست، کۆتوبەندیان خستە سەر رێکخستنی چالاکییە جەماوەرییەکان و داوایان لە دانیشتووان کرد مانەوەیان لە شوێنە کراوەکاندا کەم بکەنەوە.

لە چەند ناوچەیەکی فەرەنسا بۆ زیاتر لە هەفتەیەک، پلەکانی گەرما لە شەودا لە سەرووی 20 پلەی سەدییەوە مانەوە.

 رۆژی پێنجشەممە داتاکان دەریانخست یەکەم شەپۆلی گەرما لەم وەرزەدا لە ئیسپانیا تەنیا لە ماوەی چوار رۆژدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 200 کەس. سیستەمی چاودێریکردنی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە زانکۆی کارلۆسی سێیەم لە مەدرید، بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی بۆ 212 حاڵەت لە نێوان رۆژی یەکشەممەی رابردوو تاوەکوو رۆژی چوارشەممە تۆمارکردووە، ئەمەشی گەڕاندووەتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەکانی گەرما بۆ سەرووی 45 پلەی سەدی.

پێشبینییەکانیش هێشتا ئاماژە بەوە دەکەن، پلەکانی گەرما 35 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن بۆ نزیکەی 34 ملیۆن کەس لە فەرەنسا، 17 ملیۆن لە ئیتاڵیا و 15 ملیۆن لە هۆڵەندا. پەیمانگەی هۆڵەندی بۆ کەشناسی یەکەمین هۆشداریی خۆی سەبارەت بە شەپۆلی گەرمای توند دەرکرد و رۆژی هەینی لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشبینیش دەکرێت ئەم ئاستانەی پلەی گەرما کاریگەرییەکی گەورە لەسەر هەنگاریا، بەلجیکا و لۆکسمبۆرگ دروست بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی میتیۆ ئالارم، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی شەممەوە، ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە رۆژانی رابردوودا ئەورووپای رۆژئاوای گرتەوە بگاتە ناوچەی باڵکان، لە کاتێکدا رۆژی هەینی تەواوی کەناراوەکانی دەریای ئەدریاتیک زەنگی سووریان بۆ لێدرا. 

بەگوێرەی دەستە جیاوازەکانی کەشناسیی نیشتمانی، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی یەکشەممەوە تاوەکوو دووشەممە پلەکانی گەرما بگەنە 39 پلە لە هەندێک ناوچەی سڕبیا، مەقدۆنیای باکوور، بۆسنە و مۆنتینیگرۆ. 

لە بێلگراد چاوەڕوان دەکرێت گەرما رۆژی شەممە بگاتە 36 پلە، یەکشەممە 38، دووشەممە و سێشەممە 39 پلە، بەمەش ئەو ژمارە پێوانەییە دەشکێنێت لە حوزەیرانی ساڵی 2021 لە پایتەخت بە 38.7 پلە تۆمار کرابوو. لە سڕبیاش لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا توندترین تێکڕای گەرمای هاوینەی تۆمارکردووە لە سەرەتای دەستپێکردنی تۆمارەکانەوە لە ساڵی 1951. جێگەی باسە ئەورووپا ئەو کیشوەرەی جیهانە بە خێراترین شێوە پلەکانی گەرمای تێدا بەرز دەبێتەوە.