واشنتن و تاران؛ ئایا قۆناغی دانوستانی بە هێز دەستیپێکردووە؟

لە نێوان رێگریی سەربازی و رێڕەوی دیپلۆماسیدا، واشنتن خەریکی داڕشتنی رێسای نوێیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، کە ناونیشانی سەرەکییەکەی "دانوستان لە پێگەی هێزەوە"یە، ئەم پەرەسەندنانە پرسیارێکی جدییان دروستکردووە: ئایا ئەم هاوکێشەیە دەبێتە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و بەردەوامیی دیپلۆماسی، یان دەستپێکی زنجیرەیەک پێشێلکاریی دوولایەنەیە؟

شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، دوای بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز، واشنتن هیچ دەرفەتێکی بۆ ناڕەزایەتی یان پاساو بە تاران نەدا، بەڵکو دەستبەجێ لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە پێگەکانی موشەک، درۆن و رادارە کەناراوییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە لێدوانێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی بە هەموو لێکدانەوەکان هێنا و رایگەیاند: "توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئێران هەر کێشەیەکی لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن هەیە، با پەیوەندی تەلەفۆنی بە واشنتنەوە بکات، نەک درۆن بگرێتە کەشتییەکان.

هەڵوێستی ترەمپ و رێساکانی یارییەکە:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشەکەی ئێرانی بە "پێشێلکارییەکی ناژیرانە"ی ئاگربەست وەسف کرد و جەختی کردەوە، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر دەریاوانی لە گەرووی هورمز بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت، لە دیدی ئیدارەی ترەمپەوە، ئەم هێرشانە راگەیاندنی جەنگێکی نوێ نین، بەڵکو چەسپاندنی ئەو رێسایەن کە دەڵێت: "دەرگای دانوستان کراوەیە، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ دانوستان بە ئاگر دەستپێبکات، بە ئاگر وەڵام دەدرێتەوە."

کاردانەوەی تاران:
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە هێرشەکانی ئەمریکای بە "پێشێلکارییەکی روون"ی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات وەسف کرد کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران بە توندی ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێوارەی هەینیی کرد بۆ سەر ناوچە کەناراوییەکانی باشووری وڵاتەکەی و رایگەیاند، ئەمە پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانە.

یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ:
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، چەند پێگەیەکی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج، ئەم ئاڵوگۆڕی تەقەیە بە یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی لەو شێوەیە دادەنرێت لە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران لە 17ـی حوزەیران.

ئەم ئاڵۆزییانە چارەنووسی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کراوە هێشتنەوەی گەرووی هورمز و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت کە ئەم جەنگە لە 28ـی شوباتەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و ئێستا لە قۆناغێکی هەستیاردایە.