ئیمارات سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
ئیمارات، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە دوژمنکارانەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە هەولێر کرد؛ هاوکات هێرشەکەی وەک پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و هەرێم وەسف کرد و هاوسۆزیی تەواوی خۆی دەربڕی.
سێشەممە 18ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر ئەو هێرشە راگەیاند کە لە رێگەی دوو درۆنەوە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە هەولێر.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئیمارات بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات کە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستانی عێراقی کردە ئامانج."
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرایە بۆ سەر سەروەریی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان، و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە و تەواوی ناوچەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئیمارات هاوسۆزیی تەواوەتیی خۆی لەگەڵ کۆماری عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، و پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە دەربڕی کە دەگیرێنە بەر لە پێناو پاراستنی ئاسایش، سەروەری و سەقامگیریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.