شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

 شاندێکی باڵای وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری بەغدا. ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرتی تەندروستی و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی بە کوردستان24ـی راگەیاند: بڕیارە شاندەکەی هەرێم زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ دکتۆر عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراقی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، پرسی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە "دەرمانی شێرپەنجە" و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشە کۆنەکان، لە پێشینەی کارەکانی شاندەکە دەبێت.

پێش بەڕێکەوتنی بۆ بەغدا، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد: "حکوومەتی عێراق تەنیا 50%ـی پێداویستی و دەرمانەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات، ئەمەش کورتهێنانی گەورەی دروست کردووە کە تا ئێستا لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پڕ دەکرێتەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیان زیادکردنی بودجەی تەندروستی و دابینکردنی پێداویستییەکانە بەپێی شایستە داراییەکان.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە خاڵێکی دیکەی گرنگ کرد و گوتی: "داوا دەکەین هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لەو قەرزە نێودەوڵەتییانەی عێراق بۆ دروستکردنی نەخۆشخانە وەریدەگرێت، تاوەکو لەو چوارچێوەیەدا چەند نەخۆشخانەیەکی نوێ لە هەرێم دروست بکرێن". هەروەها داوای کرد وەزارەتی تەندروستیی عێراق رەچاوی تایبەتمەندیی هەرێم بکات لەو هاوکاری و پشتیوانییە داراییانەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاککردنەوەی ئامێرە پزیشکییەکان دابینی دەکەن.

ساڵانە هەزاران هاووڵاتی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر روو لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. دکتۆر سامان بەرزنجی گەشبینی خۆی نیشان دا و رایگەیاند، وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی پێداون ئەوەی لە دەسەڵاتیدا بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی ماف و شایستە تەندروستییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم، درێخی نەکات.