ئیسرائیل کوشتنی چەند چەکدارێکی لە سووریا راگەیاند

هێزێکی ئیسرائیلی لە باشووری سووریا
هێزێکی ئیسرائیلی لە باشووری سووریا

سوپای ئیسرائیل کوشتنی چەند چەکدارێکی لە باشووری سووریا راگەیاند، هاوکات بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت لە مانەوەی هێزەکانیان لەو ناوچە ئەمنییە دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، ئیلا واویە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە راگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە داوە، ئێوارەی رۆژی شەممە، 27ـی حوزەیران، هێزەکانیان ژمارەیەک چەکداریان لە "ناوچەی ئەمنیی باشووری سووریا" کوشتووە.

 گوتەبێژەکە جەختی کردووەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لەسەر هاووڵاتییان و سەربازەکانیان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سانا، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024ەوە ئیسرائیل بەردەوامە لە چوونە ناوەوەی زیاتر بۆ باشووری سووریا و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هەڵکوتانەسەر، دەستگیرکردنی هاووڵاتییان و تێکدانی زەویوزارەکانیان. 

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە سوپاکەیان لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە وەک "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری سووریا و لوبنان و کەرتی غەززە وەسفیان کردووە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە گەڕەکانی پێشووی دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل نەیانتوانیوە بگەنە هیچ رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.