سلێمانی.. پێشانگەی شێوەکاری "ئەفسانە کوردییەکان" دەکرێتەوە

لەلایەن لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش لەژێر ناوی "ئەفسانە کوردییەکان"، لە گەلەری کارگەی کولتووری سلێمانی دەکرێتەوە.

مەریوان جەلال دەڵێت، "پەیامی سەرەکیی پێشانگەکە  ئەوەیە کە ئەفسانەکان تەنیا چیرۆکی رابردوو نین، بەڵکو پردێکن بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی رەسەن و پڕ لە شانازی بۆ منداڵانی کورد لە هەر شوێنێکدا بن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، مەریوان جەلال، رێکخەر و هونەرمەندی بەشدار لە پێشانگەکە بە کوردستان24ی گوت، "کردنەوەی ئەو پێشانگەیە تەنیا هەوڵێک نییە بۆ بیرخستنەوەی چیرۆک و ئەفسانەکانی رابردوو، بەڵکو دیدگایەکی بەردەوام و زیندووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی هونەرمەندان، نووسەران و نەوەی نوێ بە رەگ و ریشەی کولتووریی خۆیانەوە؛ لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان.

هەروەها پەیامی سەرەکیی پێشانگەکە  ئەوەیە کە ئەفسانەکان تەنیا چیرۆکی رابردوو نین، بەڵکو پردێکن بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی رەسەن و پڕ لە شانازی بۆ منداڵانی کورد لە هەر شوێنێکدا بن."

مەریوان جەلال گوتیشی، "ئەفسانە وەک رەگی ناسنامە و ئارامی دەروونی وەک دارێک کە بێ رەگ ناتوانێت بەرگەی با و زریان بگرێت، منداڵیش ئەگەر پەیوەندی بە چیرۆک و خەیاڵی کولتووری خۆی نەبێت، ئاسانتر لە ژێر کاریگەری جیهانی دەرەوەدا دەکەوێت.

لە سەردەمی ئینتەرنێت و ناوەڕۆکی جیهانی، منداڵی کورد زۆرجار تەنیا لەگەڵ پاڵەوان و چیرۆکی بێگانە ئاشنا دەبێت. هەروەها ئەم پێشانگەیە هەوڵدەدات ئەم هاوسەنگییە بگەڕێنێتەوە؛ تا منداڵ بزانێت کە کولتووری خۆشی خاوەنی خەیاڵی قووڵ، پاڵەوان و چیرۆکی دەوڵەمەندە.

ئەم هەستی ناسنامەیە ئەو متمانەیە دروست دەکات کە منداڵ بتوانێت بە شانازییەوە بڵێت من کوردم و کولتورەکەم دەوڵەمەندە."

ئەو شێوەکارە باس لە گرنگی کردنەوەی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "گۆڕینی ئەفسانەکان بۆ بەهای مرۆیی هاوچەرخی ئەفسانەکان تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی نەگێڕدراونەتەوە؛ بەڵکو کۆدی بەها و ئەزموونی ژیانن.

نوێکردنەوەی ئەو چیرۆکانە بۆ منداڵی ئەمڕۆ، واتە گواستنەوەی بەها مرۆییەکان بۆ نەوەی داهاتوو. لە چیرۆکەکاندا دەتوانرێت پاراستنی ژینگە، هاوڕێیەتی، لێبوردەیی، دانایی، یەکگرتوویی، بەرگری لە ماف و هاوکاریی کۆمەڵایەتی بکرێتە بەشێک لە پەروەردەی منداڵ. بەو شێوەیە ئەفسانە دەبێتە پردێک لە نێوان میرات و داهاتوودا."

مەریوان جەلال ئاماژەی بەوەش دا، "زمانی قەڵای کۆتاییی ناسنامەی چیرۆک تەنیا گێڕانەوەی رووداو نییە، بەڵکو پاراستنی زمان و شێوازی بیرکردنەوەیە. لە رێگەی ئەفسانەکانەوە، منداڵان بە وشە، شێوازی گفتوگۆ و دەربڕینی جوانتر ئاشنا دەبن. ئەمە کاریگەری راستەوخۆ لەسەر داهێنان، نووسین و فراوانبوونی خەیاڵیان هەیە. هەروەها ئەو نەتەوەیەی ئەفسانەکانی خۆی لەبیر بکات، بەشێک لە توانای خەیاڵکردن بۆ داهاتووش لەدەست دەدات. ئێمە لێرەین تا خەیاڵ، زمان و ناسنامەی منداڵەکانمان بپارێزین و بگەیەنین بە نەوەی داهاتوو."

پێشانگەی شێوەکاری "ئەفسانە کوردییەکان"، ئەمڕۆ یەکشەممە  دەکرێتەوە و تابلۆکانی هەر یەک لە هونەرمەندان ئاریان لەتیف، جەمشید پەروێزیان، چیا فەتحی، حەمە هاشم، عەباس مەندە، ساکار فاروق، شیلان هۆشیاری، فەلاح شوان، گەیلان عەبدوڵڵا، لوقمان ئەحمەد، ماهیر ستار، مەریوان جەلال، هیوا عەزیز بۆ ماوەی سێ رۆژ نمایش دەکرێت.