عێراقچی: پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی بەغدا دەکەین
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
عێراقچی رایگەیاند، سەردانەکەی لە دۆخێکی زۆر تایبەتدایە و یەکەم سەردانییەتی دوای جەنگ. دووپاتیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی پیرۆزباییکردنە لە حکوومەتی نوێی عێراق و سوپاسکردنی گەل و حکوومەتی ئەو وڵاتەیە بۆ هەڵوێستە گرنگەکانیان لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر ئێران.
عێراقچی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆی زۆر باشیان هەبووە و سوورن لەسەر بەردەوامیی هاوکارییە ستراتیژی، ئەمنی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەشی خستەروو، دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و پێشوازی لە پێشنیازێکی عێراق دەکات بۆ سازکردنی گفتوگۆ لە نێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و ئێران، لە بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، کار دەکەن بۆ رێکخستنی میکانیزمی بەڕێکردن و هێنانەوەی تەرمی عەلی خامنەیی بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، عێراقچی رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراقی لە پێشهاتەکانی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن و پرسی گەرووی هورمز ئاگادار کردووەتەوە. دووپاتیشی کردەوە، گەرووی هورمز لەژێر بەڕێوەبردنی ئێراندایە و دوای لابردنی ئاستەنگەکان دۆخەکە دەگەڕێتەوە دۆخی پێشووی خۆی.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لایەنەکان پابەندی لێکتێگەیشتنەکان بن سەبارەت بە گەرووی هورمز، یەکەم خاڵی ئەو لێکتێگەیشتنانەش راگرتنی شەڕە لە هەموو بەرەکاندا بەتایبەتی لە لوبنان.
داواشی کرد هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بوەستن و پێویستە ئیسرائیل لەو ناوچانە بکشێتەوە داگیری کردوون، بەرپرسیارێتیی ئەمەش دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی ئەمریکا.