راوێژکارێکی زەیدی بۆ کوردستان24: دەیان بەرپرسی پێشوو لە لیستی داواکراواندان
راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت و سەرۆکوەزیران سوورە لەسەر رادەستکردنیان بە دادگا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، دادوەر مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری کوردستان24، جەختی لە بوونی ئیرادەیەکی توندی حکوومەت کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و راوەدوونانی تێوەگلاوان بەبێ هیچ پاشەکشەیەک.
حەداد روونی کردەوە، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا چاوی بە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کەوتووە و بۆی دووپات کردووەتەوە، هەرگیز لە راوەدوونانی گەندەڵکاران ناوەستێت.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە نەبوونی هیچ لێخۆشبوون و سازشێک کردەوە لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی و گێڕانەوەی سامانی گشتییەوە هەیە.
سەبارەت بە وردەکاریی هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانی دوایی لە ناوچەی سەوزی پایتەخت، حەداد ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 10 کەسایەتیی دیار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی جیاوازی گەندەڵی دەستگیرکراون.
ئەم راوێژکارە یاساییە ئەوەشی خستەروو، لیستەکە ناوی دیار لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیکە لە لیستی جیاوازی داواکراواندان، لە نێویاندا بەرپرسانی پێشوو و کەسانی نزیک لە کابینەکانی پێشوو هەن. دووپاتیشی کردەوە، رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان رێڕەوی سروشتیی خۆیان بەرانبەر هەموو تۆمەتباران دەگرنەبەر.
ئەمە لە کاتێكدایە، ژمارەیەک سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان راگەیاندووە، 47 تۆمەتبار لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.
ناو و پۆستی بەشێکی ئەوانەی ئەمڕۆ دەستگیرکراون:
- موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم.
- زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- بەها نووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد کەربوولی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- عالیە نوسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد جەمیل میاحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- حەسەن خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- عەبدولڕەحمان لوێزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- موزەڕ کەروی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- هیند عەباسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد فەرمان جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- بوشرا قەیسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد سەیهوود، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق.
- عەلی مەعاریج، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن.
- ئیبراهیم سومەیدەعی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن ناسراو بە "حووتی نەوت"، لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026 بە تۆمەتی گەندەڵییەکی گەورە لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیر کرا. لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی یەکجار زۆری پارەدا گرت سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری نەختینە بوون و بەشێکیان لە ژێر زەوی و لەناو باخەکانی شاردرابوونەوە. جگە لەوەش دەست بەسەر دەیان ڤێلا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا.