مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە عەگید کابایل دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی بۆکسێنەری کورد عەگید کابایل کرد، بە بۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی جیهانی(WBC) لە کێشی قورسدا.
یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: پیرۆزباییم لە پاڵەوانی بۆکسێنی کورد عەگید کابایل کرد بە بۆنەی بوونی بە پاڵەوانی جیهانی (WBC) لە کێشی قورس.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، عەگید کابایل، توانی مێژوویەکی نوێ بنووسێتەوە و ببێتە یەکەمین بۆکسێنەری کوردی هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانی کە پشتێنی زێڕینی کێشی قورسی جیهانی بەدەستبهێنێت.
ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدایە کە نزیکەی سەدەیەک بوو هیچ وەرزشوانێکی ئەڵمانی نەیتوانیبوو ئەو پشتێنە جیهانییە بۆ وڵاتەکەی مسۆگەر بکات.
ئەم پاڵەوانە کوردە لە پەیامێکدا سەبارەت بەم سەرکەوتنە رایگەیاندبوو: "ئەمە هەستێکی باوەڕپێنەکراوە کە لەمەودوا من پاڵەوانی کێشی قورسی جیهانم."
ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە هیچ وشەیەک نادۆزێتەوە بۆ گوزارشتکردن لە هەستەکانی، بەڵام بەڵێن دەدات کە تەواوی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ پارێزگاری لە پاراستنی ئەم نازناوە بکات.
عەگید کابایل، ئەگەر چی بەناوی وڵاتی ئەڵمانیاوە بەشداریی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکات، بەڵام بەردەوام لەسەر سەکۆی سەرکەوتنەکاندا ناسنامە و کولتووری خۆی بەرز دەنرخێنێت و ئاڵای کوردستان پێشان دەدات. لەم چوارچێوەیەدا، لە ماوەی رابردوودا وێنەیەکی هاوبەشی خۆی و دەنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیای بڵاو کردەوە و لەژێر ناونیشانی "هێزی کورد" ئاماژەی بە رەچەڵەک و پاڵپشتیی یەکدی کردبوو.
هنّأنا عكيد كابايل بنيله لقب بطل العالم (WBC) للوزن الثقيل.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) June 28, 2026