سعوودیە.. هەلیکۆپتەرێک کەوتە خوارەوە و 14 کەس گیانیان لەدەستدا
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی وزەی سعوودیە رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەلیکۆپتەرێکی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی رەئس تەنورە کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی وزەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 6:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، هەلیکۆپتەرێکی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی رەئس تەنورە کەوتووەتە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو راگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی تێکشانی هەلیکۆپتەرەکەدا، هەر 14 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستداوە، کە سەرجەمیان هاووڵاتی سعوودین.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیان پێکردووە، بۆ ئەوەی هۆکاری سەرەکی کەوتنەخوارەوە و تێکشانی ئەو هەلیکۆپتەرە ئاشکرا بکرێت.