کوردستان24 ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوانی ئەمڕۆی بەغدا بڵاو دەکاتەوە
ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی دەستگیرکردنی بەرپرسان و تۆمەتبارانی گەندەڵی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوامە؛ سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە کوردستان24ـی راگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ دەستگیرکراون، لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بووە و هەر یەکەیان رووبەڕووی تۆمەتێکی جیاواز بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ناوی دیارترین دەستگیرکراوەکان و تۆمەتەکانیان بریتین لە، عەلی مەعارج بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، حەسەن خەفاجی گەورە بازرگانی زێڕ، کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکراوە، هەروەها عالیە نوسەیف پەرلەمانتاری پێشوو، کە تۆمەتەکەی پەیوەستە بە ساختەکردنی نووسراوە فەرمییەکانەو، حوسێن موئەنەس سەرۆکی فراکسیۆنی (حقوق) لە پەرلەمانی عێراق، کە تۆمەتبارە بە داگیرکردنی زەویوزاری هاووڵاتییان.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ئەم هەڵمەتە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتکردنی لە دەرەوەی وڵات بۆ سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە دەرکردووە کە ناویان لە دۆسیەکاندا هاتووە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، محەمەد مەنسوور، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە کوردستان24ـی راگەیاند "تەنیا لە پارێزگای بابل 4 کەس دەستگیرکراون، کە یەکێکیان سادق مەدلوول پارێزگاری پێشووی بابلە لە نێوان ساڵانی 2013 تا 2018)".
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، هەڵمەتەکە پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری گرتووەتەوە، بە شێوەیەک کە لە دیوانیە 2 کەس، لە ناسریە 3 کەس و لە نەجەفیش 2 کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە ناوچەی سەوز دەستپێکرد و ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار و سەرۆک حزبیان دەستگیرکرد.
هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر بڕی زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلاردا گرتووە. بەشێکی زۆری ئەم پارانە بە شێوەی نەختینە لەناو ماڵەکان و لەناو چاڵدا لە قووڵایی چوار مەتر لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە.
کۆی گشتی ئەو پارانەی لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە:
- زیاتر لە 98 ملیار دیناری عێراقی.
- 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
- دەستبەسەرداگرتنی 70 خانوو و زەوی و 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز.
- بڕی 3 کیلۆگرام زێڕ.
لە ئەنجامی دانپێدانانەکاندا، رائید جبوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سەڵاحەدین-یش دەستگیرکراوە. ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی کە لەم دواییانەدا ئاشکرا کراوە و حکوومەتی نوێش جەخت لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە.