شاندێکی کوردستان بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنی ئەسیکۆدا دەچێتە بەغدا
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و یەکلاکردنەوەی چوار خاڵی ماوە لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان، سەردانی بەغدا دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقدا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی دووشەممە، 29ـی حوزەیران، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە بەشداریی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ کۆدەبێتەوە.
شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و پێکهاتەکەی بەم شێوەیەیە:
- ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری.
- ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
- د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
- د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
- د. سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ.
- کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکان.
- جەوهەر مەحموود، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکان.
پێشتر هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و واژۆیان لەسەر کردووە؛ تەنیا چوار خاڵی سەرەکی ماونەتەوە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی سبەی گفتوگۆ و رێککەوتنیان لەبارەوە بکرێت؛ کە ئەمانەن:
1. باج و داهاتی گومرگی.
2. لێخۆشبوونی گومرگی.
3. پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ.
4. پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ سەردانی دەروازە نافەرمییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەگەر رێککەوتن لەسەر ئەو چوار خاڵەش کرا، لە کۆبوونەوەکەدا، رێککەوتننامەی "ئەسیکۆدا" بەتەواوی پەسەند دەکرێت و دەچێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.