دهوڵهتی یاسا: له رووبهڕووبوونهوهی گهندهڵی پاڵپشتیی رێوشوێنهكانی حكوومهت دهكهین
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پشتیوانیی تەواوی خۆی و هاوپەیمانییەکەی بۆ هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران رادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە، کە گەلی عێراق مێژوویەکی درێژە چاوەڕوانی هەنگاوێکی لەو شێوەیەن.
یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) کە ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دادوەرەکانی کردووە، پیرۆزبایی دەستپێکردنی هەڵمەتی راوەدوونانی گەندەڵکارانی لێ کردن کە بە گوتەی ئەو "یارییان بە سامانی گەلی عێراقەوە کردووە."
مالیکی لە پەیامەکەیدا جەختی لە پشتیوانیی تەواوی خۆی و هاوپەیمانییەکەی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران و دەزگای دادوەری کردەوە لەپێناو "چەسپاندنی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە خیانەتی لە ئەمانەت کردبێت."
نووری مالیکی داوای لە عەلی زەیدی و دادوەران کرد کە لەم ئەرکەدا سڵ نەکەنەوە و گوتی: "لەم ئەرکەدا تاوەکو کۆتایی بەردەوام بن، چونکە ئەمە هەنگاوێکە کە ڕۆڵەکانی گەلی عێراق مێژوویەکی درێژە چاوەڕوانی دەکەن."
لەلای خۆیەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، عوسمان شەیبانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پشتیوانی لەو رێکارانە دەکەن کە حکوومەت بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە چاودێری و دادوەرییەکان گرتوویەتییە بەر.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەنگاوانە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، زۆر پێویستن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و تاڵانکردنی سامانی دەوڵەت و گەل، بووەتە هۆی پەکخستنی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی، هەروەها هاووڵاتییانی لە مافە سەرەتاییەکانیان و خزمەتگوزارییەکان بێبەش کردووە.
دەوڵەتی یاسا جەخت دەکاتەوە، کە پێویستە ئەم هەڵمەتە بەردەوام بێت و بەبێ هیچ جیاکاری و فشارێکی سیاسی، لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە تێوەگلاون، تاوەکو هەموو ئەو پارانەی دزراون بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێندرێنەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سوپاسی هەریەکە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، بۆ پاڵپشتی و بەدواداچوونی بەردەوامیان بۆ دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتدا.