عەبدوڵڵا مەحموود: هەوڵەکانمان بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی بەردەوامن
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن، بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا.
یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا، گوتی: کە هەوڵە کارگێڕی و یاساییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بە ئامانجی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا.
وەزیری کاروباری شەهیدان ئاماژەی بە کاتی کۆبوونەوەکان کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە و بۆ سبەینێش کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبن؛ لە بەغدا دەمێنینەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی چڕ بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی بکەین." هاوکات هیوادارە، کە هەموو هەوڵەکانیان بگەنە ئەنجامێکی گونجاو کە لە بەرژەوەندیی سودمەندبووان بێت.
سەبارەت بە ئاستی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو لادا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود روونی کردەوە، کە لێکتێگەیشتنێکی باش لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەسەر ئەم پرسە بوونی هەیە، بەڵام هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە دۆسیەی هاوتاکردنی شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی لەسەر ئەرزی واقعدا پێویستی بە ئەنجامدانی ژمارەیەک رێکاری یاسایی و کارگێڕی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، وەزیری کاروباری شەهیدان ئاشکرای کرد، کە شاندی وەزارەت چەند پرسێکی دیکەی گرنگ لەگەڵ لایەنە فیدراڵییەکان تاوتوێ دەکات، کە لە نێویاندا پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و چۆنیەتی هەماهەنگیکردنی زیاتر لەم بوارەدا لە پێشینەی کارەکانیاندا دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی بە مەبەستی رێککەوتنی کۆتایی بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ گەیشتە بەغدا.
شاندەکە کە لە لایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، هەروەها بەڕێوەبەری گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتەکەش یاوەری دەکەن.