عەبادی: پێویستە رێکارەکانی دژ بە گەندەڵی ببنە بەشێک لە پڕۆژەی چاکسازیی حکوومەت

"پێویستە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گشتگیر بێت و سەرجەم کەسەکان بگرێتەوە"

سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، دەڵێت: کە بە توندی پاڵپشتی لە رێکارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەم بۆ ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران. هاوکات داوای کرد ئەم هەوڵانە لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی قەوارەی دەوڵەت و گەل بەهێزتر بکرێن.

یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسەر، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بە توندی پاڵپشتی لە رێکارەکانی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت دەکەم لە راوەدوونانی گەندەڵی و گەندەڵکاران".

هەروەها داوای بەردەوامبوون و بەهێزکردنی ئەم هەنگاوانەی کرد لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری، بە ئامانجی پاراستنی گەل و قەوارەی دەوڵەت.

سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە دوو خاڵی سەرەکی و جەوهەری دا کە پێویستە لە بەرچاو بگیرێن:

یەکەم: پێویستە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گشتگیر و بەردەوام بێت، بە شێوازێک کە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هاوسەنگییە سیاسییەکان یان بەرژەوەندییە تەسکەکان و، یاسا بەسەر سەرجەم کەسەکاندا وەک یەک جێبەجێ بکرێت.

دووەم: پێویستە ئەم رێکارانە ببنە بەشێک لە پڕۆژەیەکی چاکسازیی پێکهاتەیی لە سیستمی سیاسیدا، بە جۆرێک کە کۆتایی بە پشێوی، پشکپشکێنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بێنێت و، پایەکانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان زیاتر بچەسپێنێت.

حەیدەر عەبادی، لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد پاڵپشتی لەم هەنگاوانە بکەن، وەک جەختکردنەوە لە پرۆسەی چاکسازی و جێگیرکردنی ئەمانەتی شەرعی، نیشتمانی و ئەخلاقی لە وڵاتدا.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە،  دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران.