پێشنیازەکەی ترەمپ لوبنانییەکان دەخاتە ترسەوە

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی سپاردنی شەڕی حزبوڵڵای بە حکوومەتی نوێی سووریا کردووە و رەخنەی لە هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل گرتووە؛ لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، هەر جۆرە پلانێکی بۆ دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان رەتکردەوە و لایەنە لوبنانییەکانیش کەوتوونەتە دڵەڕاوکێوە.

یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە پێشنیازێکی چاوەڕواننەکراو وڵاتانی ناوچەکەی تووشی شۆک کرد و رایگەیاند، دەبێت ئەرکی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی حزبوڵڵا بە حکوومەتی سووریا بسپێردرێت؛ لە بەرامبەریشدا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە، هەر جۆرە پلانێکی بۆ دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان رەت کردەوە.

لە نوێترین لێدوانیدا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دروست کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی لە درێژەکێشانی شەڕی ئیسرائیل دژی حزبوڵڵا گرت و ئاماژەی بەوە دا کە ئیسرائیل "خەڵکێکی زۆر دەکوژێت" و نەیتوانیوە حزبوڵڵا لە نێوببات. ترەمپ پێشنیازی کرد، هێزە چەکدارەکانی سووریا، کە ساڵ و نیوێک لەمەوبەر رژێمی ئەسەدیان رووخاند، باشتر دەتوانن ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن و وردتر بن لە پێکانی ئامانجەکانیان.

ترەمپ لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت (G7) گوتی: "پێویست ناکات هەر جارێک بۆ گەڕان بەدوای کەسێکدا باڵەخانەیەک بڕووخێنیت، چونکە خەڵکێکی زۆر لەوێ دەژین کە هەموویان حزبوڵڵا نین." ئاماژەی بەوەش کردبوو، بە ئیسرائیلی وتووە رێگا بدەن سووریا مامەڵە لەگەڵ حزبوڵا بکات، چونکە بە وتەی ئەو "کارەکە باشتر دەکەن."

لە کاردانەوەی ئەم پێشنیازەدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە چەند لێدوانێکی جیاوازدا ڕایگەیاندوە، وڵاتەکەی هیچ ویست و پلانێکی بۆ دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان نییە. شەرع گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لە هێرشی سووریا بۆ سەر لوبنان دەکەن راست نین، ئێمە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئارامبوونەوەی دۆخی لوبنان دەکەین." ئاماژەی بەوەش دا، قسەکانی ترەمپ بە هەڵە لێکدراونەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم پێشنیازەی ترەمپ ترسی لای زۆرێک لە لایەنە لوبنانییەکان دروست کردووە، کە هێشتا یادەوەرییە تاڵەکانی چەندین دەیەی داگیرکاریی سووریایان لە لوبنان بیر نەچووەتەوە کە لە ساڵی 2005 کۆتایی هات. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیلیش بە گومانەوە سەیری حکوومەتە ئیسلامییە نوێیەکەی سووریا دەکات و هێزە ئەمنییە باڵاکانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەسەر ئەم پێشهاتە نوێیە ئەنجام داوە.

ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، سووریا لەم کاتەدا لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و گەڕاندنەوەی ملیۆنان ئاوارە، بۆیە ناتوانێت بچێتە ناو شەڕێکی هەرێمیی گەورەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە 2ی ئاداردا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4000 کەس لە لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.