خەمیس خەنجەر: پشتیوانی لە هەڵمەتی چاکسازی دەکەین

کەسایەتیی سیاسی عێراقی، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانی حکومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەربڕی و رایگەیاند، ئەمە هەنگاوێکی مەزنە بۆ گێڕانەوەی سامانی گشتی و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.

یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، خەمیس خەنجەر، کەسایەتیی سیاسی عێراقی لە راگەیەندراوێدا ، سەرنجی خستە سەر ئەو رێکارە دادوەری و ئەمنییانەی کە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارەی دەوڵەت دەستیان پێ کردووە و ئەم هەڵمەتەی بە "هەنگاوێکی گەورە بۆ سەروەریی یاسا" ناوبرد دژی هەر کەسێک کە دەستدرێژی کردبێتە سەر سامانی گشتی یان پۆستەکەی بۆ دەستکەوتی نایاسایی بەکار هێنابێت.

خەنجەر لە پەیامەکەیدا دەستخۆشی لە رۆڵی نیشتمانیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ پاراستنی سامانی گشتی، ئاماژەی بەوەش دا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بنیاتنانی دەوڵەت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، خەمیس خەنجەر داوای لە تەواوی هێزە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی راگەیاندن و نوخبە نیشتمانییەکان کرد کە پشتیوانی ئەم رێکارانە بن. هەروەها بە توندی هۆشداری دا لە هەر هەوڵێک بۆ ئاستەنگکردنی پرۆسەکە یان کاریگەری خستنە سەر بڕیارەکان و جەختی کردەوە کە "نابێت هیچ جۆرە داپۆشینێک بۆ هیچ گەندەڵکارێک هەبێت، هەر پلە و پۆستێک و سەر بە هەر لایەنێک بێت."

ئەم هەڵوێستەی خەنجەر لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ کردووە و کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری لێ کەوتووەتەوە.