وۆڵ ستریت جۆرناڵ: گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دواخران
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد کە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی و بۆردوومانکردنی پێگەکانی یەکتر گەیشتوونەتە بنبەست.
یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا، کە بڕیاربوو باس لە پرسە هەرە ئاڵۆزەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکەن، بەهۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات تووشی بنبەست بوون و بۆ کاتێکی نادیار دواخراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە ئێران گفتوگۆکانی پەکخستووە کە بڕیاربوو رۆژی هەینی دەست پێ بکەن. تاران مەرجی نوێی هێناوەتە پێشەوە و داوا دەکات راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان بکرێتە بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی کاتی. بەهۆی توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان، تاران ئامادە نەبووە هیچ شاندێک رەوانەی سویسرا بکات.
ئەم پەککەوتنی دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە مەیدانی جەنگ لە نێوان هەردوو وڵات گەرم بووەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر تانکەرە نەوتییەکان، چەندین پێگەی سەربازی و کۆگای درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان لە ناوخۆی ئێران و دوورگەی قشم بۆردوومان کردووە.
هاوکات لای خۆیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، هەشت پێگە و ژێرخانی سەربازیی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی عەلی سالم لە کوەیت و بنکەی هێزی دەریایی پێنجەم لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. تاران ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی راگرتنی تەواوەتیی پرۆسەی دانوستانەکان دەکات.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەربازی دەکات و رایگەیاندبوو، "رەنگە ناچار بین ئەرکەکە بە سەربازی کۆتایی پێ بهێنین، کە ئەگەر ئەوە رووبدات، کۆماری ئیسلامیی ئێران چیتر بوونی نامێنێت."
ئەم ئاڵۆزییانە تەنیا هەفتەیەک دوای گەڕێکی سەرکەوتووی دانوستانەکان دێت لە سویسرا لە نێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، کە تێیدا واشنتن بەشێک لە سزاکانی سەر تارانی هەڵگرتبوو. بەڵام ئێستا بەهۆی ململانێ لەسەر رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و داواکارییەکانی تاران بۆ باج و رسومات، هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەڕاونەتەوە خاڵی سفر.