لە 24 کاتژمێردا 67 پەرلەمانتار و بەرپرسی عێراقی دەستگیرکراون
لە هەنگاوێکی کتوپڕ و بەرفراواندا، دەسەڵاتدارانی عێراق یەکێک لە گەورەترین هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتییان دەستپێکرد. تەنیا لە 24 کاتژمێری یەکەمدا، دەیان کەسایەتی سیاسی و کارگێڕی کەوتوونەتە دەست هێزە ئەمنییەکان.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی، ئاماری دەستگیرکراوان گەیشتووەتە 67 کەس، کە بریتین لە پەرلەمانتاران و سیاسییەکان، فەرمانبەرانی پلەباڵا، خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەران. ئەم کەسانە بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی، بەهەدەردانی سامانی گشتی، دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکراون.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەمە تەنیا سەرەتایە. لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا، پلان دانراوە 200 کەسایەتی دیکەی حکوومی و حزبی دەستگیربکرێن. ئەم هەڵمەتە بەشێکە لە ستراتیژییەکی 6 مانگی بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، هێزە تایبەتەکان و دەزگای دژە تیرۆر لە ناوچەی سەوز و شەقامە سەرەکییەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە. سەرچاوەکان دەڵێن: رێکارە ئەمنییەکان هێندە توندن، رێگری لە چوونە دەرەوەی هیچ تۆمەتبارێک بۆ دەرەوەی عێراق دەکرێت، ژمارەیەک لە داواکراوان هەوڵی هەڵاتنیان داوە یان خۆیان حەشارداوە، بەڵام هەموو دەروازەکان لەژێر چاودێریدان.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە یەکەم لێدوانیدا جەختی کردەوە، "ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە. حکوومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی ماڵی گەل و چیتر بەرامبەر گەندەڵی بێدەنگ نابین. دەبێت دەوڵەت خاوەنی هێز و یاسا بێت و رێگە نادەین گەندەڵکاران لەناو جەستەی دەوڵەتدا بمێننەوە."
دوێنێ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، ژمارەیەک سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان راگەیاند، 47 تۆمەتبار لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.
لە نێو دەستگیرکراوندا؛ زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق و جێگرەکەی عالیە نوسەیف، هەن.
لەلایەکی دیکەوە هەر دوێنێ یەکشەممە، هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: کاتژمێر 8ـی ئەمشەو، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای فەرمیی حکوومەت و دەستەی دەسپاکیی عێراق، سێ تۆمەتباری نیشتەجێی هەولێریان دەستگیر کرد و لە بازگەی شێراوە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵیان کردنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو سێ کەسەی رادەستی بەغدا کراونەتەوە بریتین لە زیاد جەنابی، هیند عەباسی و محەمەد مەیاحی، کە ناویان لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە تێوەگلاون لە دۆسیەکانی بردنی سامانی گشتی و گەندەڵی لە عێراقدا.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتە گەورەکەی حکوومەتی فیدراڵ دێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی کاتژمێرێک لە بازگەی شێراوە مانەوە تاوەکوو تەواوی رێکارە یاساییەکانی رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە بە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی کۆتایی هات.
بەگوێرەی زانیارییە بەدەستهتاووەکان، ئەم هەڵمەتە تەنیا هەولێر ناگرێتەوە، بەڵکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە هاوکاریی تەواوی بەغدا بکات بۆ دەستگیرکردنی هەر تۆمەتبارێک کە پەنای بۆ شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بردبێت.

لای خۆیەوە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد دەستیان بە رێکارە توندەکانیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان بۆ سامانی گشتی بردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هەوڵی هاوبەش و تەواوکاریی نێوان هەر سێ دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانانە لەگەڵ هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی. ئەم هەماهەنگییە راستەوخۆ بووەتە هۆی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە دوای زنجیرەیەک پرۆسەی چاودێریکردن و وردبینیی بەردەوامی ئەو لایەنانە.
دەستەی دەستپاکی دووپاتی دەکاتەوە هەموو رێکارەکانیان بە وردی و لە چوارچێوەی حوکمەکانی یاسادا ئەنجام دەدرێن. ئاماژە بەوەش دەدات، هێز و ئیرادەی خۆیان لە پشتیوانیی رەهای خەڵک و سەروەریی یاسا وەردەگرن، لەگەڵ پاڵپشتیی بێسنوور و بەردەوامی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان.
دەستەکە پابەندبوونی تەواوی خۆشی بۆ ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لە وردەکاریی کار و رێکارەکانی بە شەفافیەت دووپات کردەوە، بەپێی ئەوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان رێگەی پێ دەدەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن ناسراو بە "حووتی نەوت"، لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026 بە تۆمەتی گەندەڵییەکی گەورە لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیر کرا. لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی یەکجار زۆری پارەدا گرت سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری نەختینە بوون و بەشێکیان لە ژێر زەوی و لەناو باخەکانی شاردرابوونەوە. جگە لەوەش دەست بەسەر دەیان ڤێلا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا.
ئەم هەڵمەتە بە یەکێک لە گەورەترین جووڵەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دادەنرێت لە دژی گەندەڵی لە دوای ساڵی 2003وە، کە راستەوخۆ بەرپرسانی باڵا و سەرکردەی حزبەکان دەکاتە ئامانج.