11 هەزار گوێرەکە لە سووریاوە ئاودیوی عێراق کران

حکوومەتی سووریا رایگەیاند، کاروانێکی گەورەی ئاژەڵ کە پێکهاتووە لە 11 هەزار سەر گوێرەکە، لە رێگەی دەروازەی سنووری تەنەفەوە گەیشتوونەتە ناو خاکی عێراق.

دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەم ئاژەڵانە لە وڵاتی بەڕازیلەوە هێنراون و سەرەتا گەیشتوونەتە بەندەری تەرتووس لە سووریا، پاشان بە شێوەی ترانزێت بە خاکی سووریادا تێپەڕیون تا گەیشتوونەتە سنووری عێراق.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە تەنیا سەرەتایە و بڕیارە بە گشتی 50 هەزار سەر گوێرەکە بە هەمان رێگەدا رەوانەی عێراق بکرێن.

بەرپرسانی گومرگی سووریا دەڵێن؛ سووریا ئێستا وەک ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەی کاڵا و مەڕوماڵات لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت و ئەوان هەموو ئاسانکارییەکی گومرگی پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی کاروانە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی خێرا و سەلامەت بگەنە شوێنی مەبەست.