ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بوونەتە سەرئێشە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی دهۆک

لە سنووری پارێزگای دهۆک، دیاردەی هێنان و مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ژمارە ئەوروپی رووی لە زیادبوون کردووە.

 ئەم ئۆتۆمبێلانە نەک تەنیا گرفتی یاساییان هەیە، بەڵکو بوونەتە هۆی دروستبوونی سەرئێشە بۆ دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتوچۆ، چونکە زۆرجار لە کاتی تاوان و سەرپێچییەکاندا بەکاردەهێنرێن.

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن بەم ئۆتۆمبێلانە لە بازاڕەکاندا، مونیر عەلی، خاوەنی پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل، بە چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: ئەم ئۆتۆمبێلانە هیچ مانیفێست و بەڵگەنامەیەکیان نییە و تەنانەت تابلۆی فەرمیشیان پێوە نییە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێکاری تۆمارکردنیان بۆ ناکرێت. خاوەن پێشانگا فەرمییەکان بە هیچ جۆرێک ئەم ئۆتۆمبێلانە ناکڕن و نایفرۆشن، بەڵام لە هەندێک شوێن بە شێوەیەکی نافەرمی و نهێنی مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

نەبوونی تابلۆ و تۆمارنەکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە لە فەرمانگەکانی حکوومەت، وایکردووە ببنە ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی تاوان، بە جۆرێک دەزگا ئەمنییەکان لە کاتی بەدواداچووندا رووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر دەبنەوە.

 لەم بارەیەوە هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەم ئۆتۆمبێلە ژمارە ئەوروپییانە سەرئێشەن و گرفتی زۆریان دروستکردووە. زۆرجار لە کاتی تاوانەکاندا بەکاردەهێنرێن و بەهۆی تۆمارنەکردنیان، دەربازبوونی تاوانباران تیایاندا ئاسانترە، بەڵام ئەگەر دەستگیربکرێن، سزاکەیان زۆر قورستر دەبێت و بەردەوام گرفتی ئەمنی دروست دەکەن.

جگە لە لایەنە ئەمنییەکەی، ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە گرفتی گەورەیان بۆ شەقامەکان و سیستەمی هاتوچۆش دروستکردووە و رۆژانە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست دەکەن.

 ئازاد تاها، گوتەبێژی هاتوچۆی دهۆک، رایگەیاند: شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلانە زۆرجار پابەندی رێنماییەکان نابن، سەرپێچی دەکەن و لە کاتی دروستکردنی رووداوی هاتوچۆی گەورەشدا رادەکەن. لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان هیچ سەرەتایەکی نییە، بەردەوام رووبەڕووی گرفت و پرسیاری یاسایی دەبنەوە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، هێزە ناوخۆیی و ئەمنییەکانی پارێزگای دهۆک هەڵمەتەکانیان چڕکردووەتەوە و رۆژانە دەستبەسەر ژمارەیەکی زۆر لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا دەگرن و رێکاری یاسایی توند دەگرنەبەر، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ئەم دیاردەیە بە رێژەی 100% بنبڕ بکرێت.