نرخی نەوت بەرزبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و خاوبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەرووی هورمز، جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزبووەوە، 

نرخی نەوتی خاوی برێنت 58 سەنت بەڕێژەی 0.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 72.57 دۆلار، هاوکات نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکا 88 سەنت بەڕێژەی 1.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 70.11 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە پەیوەندی بە قەتەرەوە هەبوو، جارێکی دیکە هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز خاوبووەوە، دواتر ئێران و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر راگرتنی پێکدادانەکان و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە، لە دەوحە کۆببنەوە. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی دوای وەستانی نزیکەی چوار مانگ لە کارکردن، دەستی بە بارکردنەوەی نەوتی خاو لە تێرمیناڵی رەئس تەنوورە کردەوە.

لە دوای دهێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوبات و داخستنی گەرووی هورمز بەرووی کەشتییە بازرگانییەکان، نرخی نەوت و گاز لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، کە نرخی نەوت گەیشتە سەرووی 122 دۆلار، بەڵام دوای دانوستانەکانی هەردوولا لە پاکستان و سویسرا وردە وردە نرخەکە نزم بووەوە.