لە ئەوروپا بەهۆی گەرماوە 1300 کەس گیانیان لەدەستدا
لە 21ـی حوزەیرانەوە، شەپۆلێکی گەرمای مێژوویی ناوچە جیاوازەکانی کیشوەری ئەوروپای گرتووەتەوە. بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، بەهۆی توندیی ئەم گەرمایەوە تا ئێستا 1300 کەس گیانیان لەدەستداوە.
تێدرۆس ئەدهانۆم غیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند: "ئێستا ملیۆنان کەس لە ژێر بارودۆخێکی سەختی گەرمای تونددا دەژین." ئەم دۆخە بووەتە هۆی داخستنی بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکان، دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، تەنگپێهەڵچنینی ژیانی رۆژانەی نزیکەی 191 ملیۆن کەس لەو ناوچانە دەژین کە پلەی گەرمییان لە 35 پلە تێپەڕیوە.
چەند وڵاتێکی ئەوروپی بەرزترین پلەی گەرمییان لە مێژووی خۆیاندا تۆمارکردووە، ئەوانیش کۆماری چیک، 41.9 پلەی سەدی بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک ریکۆردی شکاند. ئەڵمانیا، 41.7 پلەی سەدی، پۆڵەندا، 40.5 پلەی سەدی بەرزترین پلە لە ماوەی سەدەیەکدا.
لە فەرەنسا، دەسەڵاتداران ئاماژە بەوە دەکەن، رێژەی مردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، نزیکەی هەزار حاڵەتی مردن زیاتر لە تێکڕای ئاسایی تۆمارکراوە، زۆربەی قوربانییەکان کەسانی بەتەمەنن.
زاناکانی بواری کەشوهەوا دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم شەپۆلە یەکێکە لە توندترین دیاردە ژینگەییەکانی ئەوروپا. ئەوان جەخت دەکەنەوە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکییە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم شەپۆلە توندانە لەم کاتەی ساڵدا، و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی گەرما لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام بن.