دەستەی دەستپاکی: بڕێکی زۆر پارە لە دەرەوەی وڵات بلۆککراوە

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، رەشنووسی پڕۆژەیاسای تایبەت بە گێڕانەوەی دارایی، بەم زووانە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، توانیویانە بڕێکی زۆر لەو پارانە لە دەرەوەی وڵات بلۆک بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، عەباس موتعیب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گێڕانەوە لە دەستەی دەستپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی سندوقی گێڕانەوەی دارایی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند "دەستەکە توانیویەتی دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە لە دەرەوەی وڵات بگرێت و بلۆکیان بکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێگریی لە گەندەڵکاران بکات کە ئەو پارانە بەکاربهێنن یان دەستکاری بکەن."

عەباس موتعیب، ئاماژەی بەوەش کرد، دەستەی دەستپاکی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، کار دەکات بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی مەدەنی بەمەبەستی گێڕانەوەی ئەو پارە بلۆککراوانە کە بە بڕێکی زۆر دەخەمڵێندرێن.

هەروەها روونی کردەوە، دەستەی دەستپاکی سەرکەوتوو بووە لە بلۆککردن و گێڕانەوەی پارەکان، بەڵام تیشکی خستە سەر ئەوەی کە یاسایەکی گشتگیر و تەواو نییە کە پرۆسەکانی گێڕانەوە رێکبخات.

ئەو بەرپرسەی دەستەی دەستپاکی گوتیشی "رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە گێڕانەوەی دارایی هەیە کە بەم زووانە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران."