هەولێر و بەغدا رەشنووسێک بۆ لێخۆشبوون و داشکاندنی گومرگی ئامادە دەکەن
فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، سەرۆکایەتی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری کرد.
هاوکات شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی سکرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێم، بەڕێوەبەرانی گشتی گومرگ و باج و بەدواداچوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد.
دوای بیستنی روونکردنەوەکانی تیمی هاوبەشی هەردوولا و پێشنیازەکانی تایبەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا و ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێش جێبەجێکردنی، ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دا.
یەکێک لە بڕیارەکان پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشە بۆ پشکنینی سنوورەکان، واتە لێژنەیەک لە نێوان دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم پێکدەهێنرێت، ئەرکی ئەم لێژنەیە ئەنجامدانی رووپێوی تەواوە بۆ شریتی سنووری و سەردانیکردنی دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی هەرێم، تا راپۆرتێکی تێروتەسەل پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە بکەن لەسەر ئەو دەروازانەی مەرجەکانیان تێدایە و ژێرخانیان هەیە بۆ ئەوەی بکرێنە فەرمی، هەروەها داخستنی ئەو دەروازە و خاڵانەی کە شیاو نین.
هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم، رەشنووسێکی یەکگرتوو تایبەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنە گومرگییەکان ئامادە دەکات، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەند دەکرێت و گشتاندنی بۆ دەکرێت بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەکان تا کاری پێبکرێت.
لە کۆبوونەوکە باس لە بەرزکردنەوەی پێشنیازەکانی هەردوولا بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی داهاتەکان لە دەروازە سنوورییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان کرا.