دهۆک پێگەی لە سەر نەخشەی جیهانیی گەشتیاریی شوێنەواری جێگیر دەکات

پارکێکی شوێنەواری لە دهۆک دەکرێتەوە؛ کە دەبێتە یەكێک لە دەگمەنترین، کۆنترین و گەورەترین ناوچەکان لە ئاستی جیهانی، هەوڵدەدرێ پارکەکە بەو تایبەتمەندیانەی هەیەتی لە تۆماری یۆنیسکۆ جێگە بگرێت. 

دهۆکی رەنگین، ئەمجارە مێژوو دەگێڕێتەوە و باس لە درێژترین رێڕەوی ئاوی پاک، کۆنترین نافوورە، گەورەترین نەخشی سەر بەرد و کۆنترین پردی دەکات.  

دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری و کەلەپووری پارێزگای دهۆک، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، درێژترین پڕۆژی مێژوویی گەیاندنی ئاو لە ئاستی جیهان، لە نێو پارکی شوێنەواریی دهۆک دایە و درێژییەکەی 340 کیلۆمەترە. 

سەدەکانی حەوت و هەشتی پێش زایین کاتێک ئاوی رووباری دیجلە شێلو بووە و شیاوی خواردنەوە نەبووە، ئاوی پاکی خواردنەوە لە دهۆکەوە لە رێڕەوی کارێز و جۆگەوە گەیەندراوەتە مووسڵ. 

پارکەکە کە بە شێوەی کراوەیە، لەسەر رووبەری 130 کیلۆمەتر دووجایە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواریی دهۆک چەندین ساڵە بە هاوکاریی زانکۆی ئۆدینەی ئیتاڵیا کاری لەسەر دەکات. بەم پێیە، ئەو پارکە دەبێتە گەورەترین پارکی شوێنەواری لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

ئەم شوێنەوارە مەزنە لە ناوەندە جیهانییەکاندا بە "پارکی شوێنەواریی جروان-فایدە" ناسراوە، لە چەندین وێستگەی گرنگ وەک (کەناڵی فایدە، پردی جروان، و ناوچەی خنس) پێکدێت و تەواوی سیستەمی ئەندازیاریی ئاو لەو سەردەمەدا نیشان دەدات.

گەورەترین نەخشەی سەر بەرد کە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە، کۆنترین نافوورە و پردی دەربازبوونی ئاو لەسەر ئاستی جیهان، لە پارکەکەدا هەیە. 

بێکەس بریفکانی دەڵێ: بۆ ئەوەی پارکێک لە یۆنیسکۆدا تۆمار بکرێت، پێویستە پێوەری کۆنترین و دەگمەنترین ناوچە و شوێنەوارەکان لەبەرچاو بگرێ. پارکی شوێنەواری دهۆک، ئەو پێوەرانەی تێدایە، بۆیە هەوڵدەدەین لە یۆنیسکۆ تۆماری بکەین. کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش پارکەکە دەکرێتەوە. 

 

سەرەداوی دەگمەن

کنە و پشکنین لە ناوچەی شوێنەواری فایدە، یەک لە جومگە سەرەکییەکانی بیرۆکەی راگەیاندنی پارکی شوێنەواری دهۆکە. ئەم شوێنەوارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری نوێ، بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانی پاشای بەناوبانگی ئاشووری "سەرگۆنی دووەم" (721 - 705 پێش زایین) لەگەڵ "سەنحاریب"ـی کوڕی.

تیمی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواریی دهۆک و زانکۆی "ئۆدینی" ئیتاڵیا، لە ساڵی 2019دا لە کاتی کنە و پشکنینەکاندا، دۆزینەوە ئەم شوێنەوارە گەورەیان راگەیاند کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبوو. 

تیمی هاوبەشی دهۆک و ئیتاڵیا ئاشکرایان کردووە، لە کاتی پاککردنەوەی نەخشەکاندا، پاشماوەی رەنگی شین و سووری کۆن لەسەر بەردەکان دۆزراونەتەوە، ئەمەش سەلمێنەرە کە ئەم تابلۆ زەبەلاحانە لە کۆندا رەنگاوڕەنگ بوونە.

گرنگترین و ناوازەترین تایبەتمەندی فایدە، نەخشی سەر دیوارە بەردینەکانی کانیاوێکی ئاوخواردنەوەی کۆنە. لەسەر ئەو کانیاوە، کەناڵێکی ئاودێری کۆن بە درێژایی نزیکەی 10 کیلۆمەتر دۆزرایەوە کە لەوێوە ئاو بۆ ئاودێری زەوییەکانی دەورووبەری مووسڵ راکێشراوە.  لەسەر دیواری ئەم کەناڵە، زیاتر لە 13 نەخشی گەورە (بە بەرزی دوو مەتر و پانی پێنج مەتر) دۆزراونەتەوە.

ئەو نەخشانە پاشای ئاشووری (سەرگۆنی دووەم) نیشان دەدەن لە کاتی پەرستش و پێشکەشکردنی رێز بۆ خوداوەندەکانی ئاشوورییەکان (وەک خوداوەند ئاشوور، عەشتار، شەماش و نەبوو). خوداوەندەکان لەسەر پشتی ئاژەڵی پیرۆزی وەک شێر، ئەسپ، گاو و گامێش وەستاون.

زانکۆی ئۆدینێی ئیتاڵی بە بەکارهێنانی لێزەری سێ رەهەندی، تەواوی نەخشەکان و کەناڵەکەی تۆمار کردووە، بۆ ئەوەی مێژووەکەی لە فەوتان بپارێزرێت و وەک ئەرشیفێکی دیجیتاڵی بمێنێتەوە.

 

کوردستان لەسەر نەخشەی جیهانی گەشتیاری

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار پێگەی شوێنەواری تۆمار کراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پلانیدایە ناوچە شوێنەوارییەکان نۆژن بکاتەوە و بایەخی زیاتریان پێ بدات بۆ راكێشانی گەشتیاران.

کردنەوەی ئەم پارکە کراوەیە، دهۆک دەخاتە سەر نەخشەی گەشتیاریی شوێنەواریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی راکێشانی هەزاران گەشتیار و شوێنەوارناسی بیانی.

کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: پلانمان هەیە گرنگی زیاتر بە پێگە شوێنەوارییەکان بدەین، بەتایبەتی لە رووی گەشتیارییەوە، چونکە شوێنەوار هۆکارێکی سەرەکییە بۆ راکیشانی سەرنجی گەشتیاران.

بەڕێوەبەرەکە گوتیشی: پرۆسەی کنە و پشکنین بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکرێت کە گومان دەکرێ پێگە و ناوچەی شوێنەوارین، ئێستا زیاتر لە شەش هەزار پێگەی شوێنەواریمان هەیە، چەند شوێنێکیش لەژێر نۆژەنکردنەوە دان.