130 ملیۆن کەس لە ئەوروپا رووبەڕووی پلەی گەرمی نائاسایی دەبنەوە

پۆلێکی توندی گەرما بەشێکی زۆری کیشوەری ئەوروپای گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە، لانی کەم 130 ملیۆن کەس لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی کیشوەرەکە رووبەڕووی پلەی گەرمی سەروو 35 پلەی سیلیزی ببنەوە.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە کەشناسییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، شەپۆلێکی توندی گەرما بەردەوامی دەبێت و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر 130 ملیۆن کەس دەبێت. هەرچەندە ئەم ئامارە نیشانەی کەمبوونەوەی شەپۆلەکەیە بەراورد بە رۆژی یەکشەممە کە تێیدا 190 ملیۆن کەس لەژێر کاریگەریی گەرمایەکی تونددا بوون.

پێشبینی دەکرێت بە گشتی پلەی گەرمی بۆ زیاتر لە 269 ملیۆن کەس لە ئەوروپا (بەبێ تورکیا) بگاتە سەروو 30 پلەی سیلیزی، ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە ئەم ژمارەیە گەیشتبووە 380 ملیۆن کەس.

بەپێی پێشبینییەکانی ناوەندی کەشناسیی ئەڵمانیا و سەنتەری توێژینەوەی هاوبەش، پلەکانی گەرمی لە ناوچە فراوانەکانی دەوروبەری چیاکانی کارپات و ناوچەی بەڵقان، لەوانەش هەنگاریا، سربیا، رۆمانیا، کرواتیا، نەمسا، باشووری پۆڵەندا و رۆژئاوای ئۆکراینا لە 35 پلە تێدەپەڕێت.

هەر لە چوارچێوەی ئەم شەپۆلەدا، لە ئیتاڵیا نزیکەی 30 ملیۆن کەس، بەتایبەت لە ناوچەی دۆڵی پۆ کە دانیشتوانێکی زۆری تێدایە، رووبەڕووی گەرمایەکی توند دەبنەوە. هەروەها ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای نیمچەدوورگەی ئیبیریاش کە بە گەرما راهاتوون، پلەی گەرمی بەرز تۆمار دەکەن.

لە فەرەنسا، سەرەڕای ئەوەی شەپۆلەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەڵام باری نائاسایی تەندروستی وەک خۆی ماوەتەوە و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرمی کاریگەرییان لەسەر 3 ملیۆن کەس هەبێت.