رووداوێکی تەقەکردن لە ئەڵمانیا پێنج کوژراوی لێکەوتەوە
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری شتادەی باکووری ئەڵمانیا پێنج کەس کوژران، پۆلیسیش دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، بەڵام تا ئێستا هۆکار و ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا نەکراون.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، لە شاری شتادە سەر بە هەرێمی ساکسۆنیای خواروو لە باکووری ئەڵمانیا، رووداوێکی تەقەکردن روویدا.
پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند، پێنج کەس لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا گیانیان لەدەستداوە.
هێزە ئەمنییەکان گومانلێکراوێکیان دەستگیر کردووە، بەڵام تا ئێستا هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت ئەو تاوانە روون نین.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا، تەقەکردنەکە لە شەقامی دانکەرس لە شاری شتادە روویداوە. دەستبەجێ هێزێکی زۆری ئەمنی گەیشتوونەتە شوێنەکە، داواشیان لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە لەو شوێنە دوور بکەونەوە تاوەکو کارەکانی لێکۆڵینەوە و دابینکردنی ئاسایش تەواو دەبن.
پۆلیس دەستگیرکردنی پیاوێکی راگەیاندووە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر ناسنامەی پیاوەکە یان پەیوەندیی بە قوربانییەکانەوە بڵاو نەکردووەتەوە. لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی تەقەکردنەکە بەردەوامن.
میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا لەوانە (ئین دی ئار) و (دێر شپیگل) پشتڕاستیان کردووەتەوە ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە پێنج کەس.
دوای رووداوەکە ئاستی ئامادەباشیی ئەمنی لە شاری شتادە بەرز کراوەتەوە، هێزەکانی پۆلیس بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگە و پشکنینی ناوچەکە لەوێ جێگیر کراون.