لە هەکاری پزیشکێک بە 28 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرا

دەسەڵاتە دادوەرییەکانی تورکیا بڕیاری بەندکردنیان بۆ پزیشکێک دەرکرد، دوای ئەوەی لە پارێزگای هەکاری لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بە بڕی 28 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەکاری، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەدا و لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی لە شارۆچکەی گڤەڕ (یوکسەکۆڤا)، دەستیان بەسەر 28 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە کە لەناو 13 کارتۆندا شاردرابوونەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە پیشەی پزیشکە و ناوی بە کورتی (Z.A.Ö) بڵاوکراوەتەوە.

دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، تۆمەتبارەکە رەوانەی لایەنە دادوەرییەکان کرا و لەوێ بڕیاری فەرمی بەندکردنی بۆ دەرکرا.