دیندار زێباری لە ڤییەناوە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتی دەخاتەروو

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیدا لە ڤییەننا، ستراتیژی و هەوڵە ئەمنی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کۆچبەران خستەڕوو و رایگەیاند، تەنیا لە ساڵی 2024دا 114 کەیسی قاچاخچێتی تۆمارکراون و چەندین تۆڕی نێودەوڵەتیش هەڵوەشێندراونەتەوە.

دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئەندامێکی شاندی حکوومەتی فیدراڵی، بەشداریی لە 13ەمین کۆبوونەوەی گروپی کاری قاچاخی کۆچبەران کرد، کە رۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، لە بارەگای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی رێکخراو (UNODC) لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو.

لە گوتارێکدا، دیندار زێباری هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە خستەڕوو، کە هاوتەریبە لەگەڵ راسپاردەکانی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر (UPR) بۆ ساڵی 2025. راشیگەیاند، حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە پەرەپێدانی سیاسەتەکانی بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە و نێودەوڵەتی لەم بوارەدا.

چوارچێوەی یاسایی و سزاكان

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی یاسایی تۆکمە بەکاردەهێنێت، کە یاسای هەرێمی ژمارە 6ی ساڵی 2018 سزای توند بۆ ئەم تاوانانە دیاری دەکات. هەروەها ئەم چوارچێوەیە بە یاسا فیدراڵییەکان بەهێزتر دەکرێت، وەک یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969، یاسای نیشتەجێبوونی بیانییەکان ژمارە 76ی ساڵی 2017، و یاسای پاسپۆرتی ژمارە 32ی ساڵی 2015، جگە لە پابەندبوون بە رێککەوتننامەی پالێرمۆ.

ئامار و دۆسیە دادوەرییەکان

سەبارەت بە دۆسیەکانی دادگا، زێباری ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ساڵی 2024دا، 114 حاڵەتی قاچاخی پەیوەست بە کۆچی نایاسایی تۆمارکراوە. لەو چوارچێوەیەدا 65 کەسی بیانی دەستگیرکراون کە پێکهاتوون لە: 30 بەنگلادیشی، 2 پاکستانی، 18 سووری، 14 ئێرانی و یەک تورک.

هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە نێودەوڵەتییەکان

لەبارەی چالاکییە ئەمنییەکان، زێباری روونی کردەوە کە لە ساڵی 2024دا چوار قاچاخچی گەورە دەستگیرکراون کە تێوەگلاون لە نوقمبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، کە ببووە هۆی خنکانی 64 کەس. هەروەها لە ساڵی 2025دا تۆڕێکی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراوەتەوە کە لە رێگەی یەخت و مامەڵەی دارایی ئاڵۆزەوە کاریان کردووە.

رۆڵی سەرۆکوەزیران و تیمی فریاگوزاری

دکتۆر دیندار زێباری جەختی کردەوە کە دوای کارەساتی نوقمبوونی بەلەمەکە لە ئیتاڵیا، بە رێنمایی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری دامەزرا و تیمێکی تایبەت رەوانەی ئیتاڵیا کرا بۆ هاوکاری رزگاربووان و گەڕاندنەوەی تەرمەکان. هەروەها هێزێکی ئەمنی هاوبەش لە ساڵی 2021 بۆ چاودێری سنوورەکان پێکهێنراوە.

قەیرانی بێلارووسیا و رەتکردنەوەی گەڕانەوەی زۆرەملێ

سەبارەت بە قەیرانی سنووری بێلارووسیا و پۆڵەندا لە ساڵی 2021، کە تێیدا 3 بۆ 4 هەزار کۆچبەر گیریان خواردبوو، زێباری دووپاتی کردەوە کە ئەو کۆچبەرانە بە شێوەی یاسایی و لە رێگەی ترانزێتەوە چوونەتە ئەوێ، نەک راستەوخۆ لە هەرێمەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لایەن ویستوویانە قەیرانەکە بقۆزنەوە، بەڵام هەرێم گەڕانەوەی زۆرەملێی رەتکردووەتەوە و داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی کردووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە.

رێککەوتنی مێژوویی لەگەڵ بەریتانیا

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە رێککەوتنی ئەمنی ساڵی 2024 لەگەڵ بەریتانیا کرد و وەک "یەکەم رێککەوتنی لەم جۆرە لە ئاستی جیهاندا" وەسفی کرد، کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکانە لە رێگەی راهێنان و هەڵمەتی هۆشیارییەوە.

کۆچبەرانی لیبیا و تونس

سەبارەت بە هەوڵەکانی گەڕاندنەوە، دیندار زێباری رایگەیاند لە ساڵی 2025دا 319 کۆچبەر لە لیبیا و تونسەوە گەڕێنراونەتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە لە هاوینی 2025دا، نزیکەی 300 کۆچبەری هەرێم لەلایەن میلیشیاکانی لیبیاوە رفێندراون و ئەشکەنجە دراون، کە بۆ ئازادکردنی هەر کەسێکیان داوای 5000 دۆلاریان کردووە، بەڵام حکوومەت لە رێگەی لیژنەیەکی باڵاوە کار بۆ رزگارکردنیان دەکات.

داواکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

لە کۆتایی وتارەکەیدا، دیندار زێباری جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە و گەڕانەوەی زۆرەملێ رەتدەکاتەوە. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پاڵپشتی دارایی و ئەمنی بۆ هەرێم زیاد بکەن، چونکە بارگرانییەکی زۆری دیمۆگرافی و ئابووری لە جیاتی هەموو جیهان هەڵگرتووە.

بڕیار وایە دیدارەکانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری وڵاتان تاوەکو 4ی تەمموزی 2026 لە ڤییەننا بەردەوام بن.