دۆناڵد ترەمپ: سبەی لە دەوحە لەگەڵ ئێران کۆدەبینەوە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاران داوای کۆبوونەوەی کردووە و بڕیارە سبەی سێشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبینەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) رایگەیاند "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەرۆکی ئەمریکا زانیاری زیاتری لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکرد و تەنها گوتی "ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە و سبەی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت."
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا تیمە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران لە پایتەختی قەتەر کۆدەبنەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکی تیمە تەکنیکییەکان چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتنامەکەیە، هاوکات نێوەندگیرەکان کەناڵی پەیوەندی تایبەتیان دروستکردووە بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆ'م رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان، چەندین پێگەی سەربازی و کۆگای درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان لە ناوخۆی ئێران و دوورگەی قشم بۆردوومان کردووە.
هاوکات لای خۆیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، هەشت پێگە و ژێرخانی سەربازیی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی عەلی سالم لە کوەیت و بنکەی هێزی دەریایی پێنجەم لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.