عومان: پێویستە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت

وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لە بڕیاری سەپاندنی باج و رسومات بەسەر ئەو کەشتییانەدا ناکات کە لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن و جەختی لە پێویستیی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، بدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی مۆنتی کارلۆی نێودەوڵەتی، هەر جۆرە ناڕوونییەک لە هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرسی باجی گەرووی هورمز ڕەت کردەوە.

وەزیری دەرەوەی عومان ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پشتیوانی لە هیچ هەوڵێک ناکات بۆ سەپاندنی باج بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکاندا، چونکە ئەمە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئازادیی دەریاوانییە.

بوسەعیدی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بۆ هەمووان بە سەلامەتی، ئارامی و ئازادی بمێنێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، ئەم رێڕەوە ئاوییە بایەخێکی گەورەی بۆ ئابووریی جیهان و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە هەیە، لەنێویشیاندا کۆماری ئیسلامیی ئێران.

وەزیری دەرەوەی عومان دووپاتی کردەوە، هەر جۆرە لێکگەیشتن یان رێککەوتنێک سەبارەت بە گەرووی هورمز، دەبێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بێت بۆ ئەوەی مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت.

هەر ئەمڕۆ کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی هورمز لە مەسقەت بەڕێوەچوو."ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر پرسە هەنووکەییەکانی پەیوەست بە گەرووەکە و هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە پلانەکانی بەڕێوەبردنی ئەو گەرووە لە داهاتوودا.

ئەم هەڵوێستەی عومان لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست بووە، بەهۆی هەوڵەکانی تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوی کەشتیوانی و وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمزدا، کە تێیدا واشنتن دەیەوێت کەشتییەکان بە کەناراوەکانی عوماندا بڕۆن تاوەکو لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا نەبن.