لە ماوەی 15 مانگدا ترەمپ زیاتر لە 20 جەنەراڵی لەکار لاداوە
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوامە لە گۆڕینی سەرکردایەتییە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی، ئەمەش دوای لادان یان خانەنشینکردنی زیاتر لە 20 جەنەراڵ لە ماوەی نزیکەی ١٥ مانگدا.
دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، بە گوێرەی راپۆرتێکی یوراسان تایمزی ئەمریکی، لە ماوەی نزیکەی 15 مانگدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە 20 جەنەڕاڵی لە ئەرکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دوور خستووەتەوە، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە بووەتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر لە ناوەندە سەربازی و سیاسییەکاندا سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی مەدەنی و دامەزراوەی سەربازی لە ئەمریکا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، دواین بەرپرس کە کەوتە بەر ئەم شەپۆلی لادانانە، جەنەراڵ "کریس دۆناهۆ" بوو، فەرماندەی سوپای ئەمریکا لە ئەوروپا و ئەفریقا و فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ناتۆ، کە وەک یەکێک لە کاندیدە دیارەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپا لە داهاتوودا دەبینرا، دوای لادانی لە ئەرکەکەی، بڕیارە دۆناهۆ لە سەرەتای مانگی تەمموزی داهاتوو لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە ئەڵمانیا دەستبەرداری ئەرکەکانی بێت.
رێکخستنەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی:
لەمبارەیەوە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی پلانێکی فراواندایە کە "پیت هیگسێس" وەزیری جەنگ سەرپەرشتی دەکات بۆ رێکخستنەوەی سەرکردایەتی باڵای هێزە چەکدارەکان، پلانەکە کەمکردنەوەی ژمارەی جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکان بە رێژەی 10% و کەمکردنەوەی پۆستە چوار ئەستێرەییەکان بە رێژەی 20% لەخۆدەگرێت، هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئامانجی ئەم رێکارانە بەهێزکردنی ئامادەباشی سەربازی و کەمکردنەوەی پێکهاتە زیادەکانی ناو فەرماندەییە.
بەڵام ئەم هەنگاوانە روبەڕووی رەخنەی توندی بەرپرسە سەربازییەکانی پێشوو و ئەندامانی کۆنگرێس بووەتەوە، ئەوان هۆشداری دەدەن، ئەم لادانە بەردەوامانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەزموونە گرنگەکان و دابەزینی ورەی سەربازان، جگە لەوەی وا دەردەکەوێت کە بڕیارەکان پاڵنەری سیاسییان لەپشت بێت.
لادانەکان دیارترین فەرماندەکانی گرتووەتەوە:
لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی 2025، سەرکردایەتی سەربازی ئەمریکا گەورەترین شەپۆلی گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە، لە نێو ئەو کەسانەی لادراون یان خانەنشین کراون: جەنەراڵ چارڵز براون، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش؛ ئەدمیراڵ لیزا فرانچیتی، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان؛ و جەنەراڵ راندی جۆرج، سەرۆکی ئەرکانی سوپا لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم هەڵمەتە پەیوەندی بە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپەوە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوو پەیڕەو دەکران، بەتایبەت بەرنامەکانی پەیوەست بە هەمەجۆری و یەکسانی، هەروەها دەڵێن،" ئیدارەی ئێستا پێی وایە ئەم سیاسەتانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئامادەباشی هێزە چەکدارەکان هەبووە."
دەسەڵاتە دەستوورییەکان و ترسی لایەنگیری:
لە رووی یاساییەوە، دەستووری ئەمریکا دەسەڵاتێکی فراوان دەدات بە سەرۆک وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان بۆ لادان یان دووبارە دەستنیشانکردنەوەی فەرماندەکان. مێژووی ئەمریکاش چەندین نمونەی هاوشێوەی تێدایە، وەک لادانی جەنەراڵ مەکلیلان لەلایەن ئەبراهام لینکۆڵنەوە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا.
شارەزایان هۆشداری دەدەن، پشتبەستن بە لایەنگیری سیاسی لە جیاتی لێهاتوویی لە هەڵبژاردنی سەرکردەکان، رەنگە سەربەخۆیی دامەزراوەی سەربازی لاواز بکات، هەروەها تێکچوونی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازی لە کاتێکدا کە ئەمریکا لە کێبڕکێدایە لەگەڵ چین و گرژییەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن، رەنگە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە بگەیەنێت.