سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی باجەکان و هاوسەرەکەی سەپێندرا

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەسپاکی ئاشکرای دەکات، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای توندی زیندانی و پێبژاردنی 32 ملیار دیناری بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری باجەکان و هاوسەرەکەیدا سەپاندووە؛ هاوکات بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی دەیان خانووبەرە و پارەی ناو بانکەکانی دەرەوەی وڵاتی بۆ دەرکردوون.

دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەسپاکی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندیی، بڕیاری سزای 10 ساڵ زیندانیی بۆ ئوسامە حوسام جەودەت، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری دەستەی گشتیی باجەکان دەرکرد. هەروەها هاوسەرەکەشی بە 5 ساڵ و یەک مانگ زیندانی سزادرا، ئەمەش بەپێی ماددەی 36 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر.

بەپێی بڕیارەکەی دادگا، هەردوو سزادراوەکە بە بڕی 32 ملیار دینار پێبژاردن سزادراون. سەبارەت بەو سامان و زەوییانەی کە لایان بووە، عەلی محەمەد گوتی: "بڕیاردراوە بە دەستبەسەرداگرتنی 22 خانووبەرە لە بەغدا و تورکیا کە بە ناوی هاوسەری بەڕێوەبەرەکەوە بوون، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر کرێی رابردووی ئەو خانوووبەرانە و تەواوی ئەو زێڕ و زێڕینانەی لایان بووە."

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دادگا بڕیاری داوە دەست بەسەر تەواوی ئەو پارانەدا بگرێت کە بە ناوی هاوسەری سزادراوەکەوە لە بانکەکانی وڵاتی تورکیا و کوێت دانراون، ئەمەش وەک بەشێک لە رێکارەکانی گێڕانەوەی سامانی گشتی کە لە ئەنجامی سپیکردنەوەی پارە بەدەستهاتوون.