ماکرۆن: فەرەنسا و عومان پێکەوە کار بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین دەکەن
سەرۆکی فەرەنسا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سوڵتانی عومان رایگەیاند، هەردوو وڵات لەسەر پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین و پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان رێککەوتوون؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا هێشتا زۆر کەمترە لە ئاستی پێش هەڵگیرسانی جەنگ.
دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەیسەم بن تارق، سوڵتانی عومان لە کۆشکی ئێلیزێ، بڕیاریانداوە پێکەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان کار بکەن بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین.
سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "ئامانجمان پاراستنی رێڕەوە دەریاییەکان و گەرەنتیی تێپەڕبوونی ئازادانەی کەشتییەکانە بەبێ هیچ مەرجێک لە گەرووی هورمزدا."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، بدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، هەر جۆرە ناڕوونییەک لە هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە سەپاندنی باج لە گەرووی هورمز رەت کردەوە. ناوبراو جەختی کردەوە، وڵاتەکەی پشتیوانی لە سەپاندنی هیچ جۆرە رسوماتێک بەسەر کەشتییەکاندا ناکات و پابەندە بە ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوەش دا بەپێی یاداشتی لێکگەیشتن، بەرپرسیارێتیی سەرەکیی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی رێڕەوەکە، دەکەوێتە ئەستۆی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، کازمی غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران و مەسقەت یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی تایبەت بە گەرووی هورمزیان لە مەسقەت ئەنجام داوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر سەروەریی هەردوو وڵات بەسەر گەرووەکە و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی لە داهاتوودا کراوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە کاتییەی کە لەم مانگەدا لەنێوان تاران و واشنتن واژۆ کراوە.
سەبارەت بە جوڵەی بازرگانی، داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ چاودێریی کەشتییەکان دەریدەخەن کە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز هێشتا زۆر کەمە. بەپێی ئامارەکان، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە تەنیا 124 کەشتیی بارهەڵگر و وزە لە گەرووەکە تێپەڕیون