وردەکاری نوێ لەسەر رێککەوتنی ئیسرائیل و لوبنان ئاشکرا دەکرێت
وردەکارییەکانی پاشکۆی ئەمنی رێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێریی ئەمریکا دزەی پێ کراوە؛ بەپێی بەڵگەنامەکە، سوپای لوبنان پابەند بووە بە چەککردنی تەواوەتیی حزبوڵڵا و لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە چەند قۆناخێک لە خاکی لوبنان دەکشێتەوە.
دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، شەرق نیووز بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە وەک پاشکۆی ئەمنی بۆ رێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ناسراوە ئاشکرا کرد، کە پەردەی لەسەر پلانێکی توندوتۆڵ هەڵماڵیوە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە باشووری لوبنان. رێککەوتنەکە کە لە دوای 4 رۆژ لە دانوستانی چڕ هاتوەتە کایەوە، چەند خاڵێکی ستراتیژی لەخۆ دەگرێت.
بەپێی بەڵگەکان، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دەستنیشانکردنی ناوچەیەک لە باشووری رووباری لیتانی وەک ناوچەی ئەزموونی، کە پڕۆسەی جێبەجێکردن تێیدا بە 4 هەنگاوە دەبێت؛ هەنگاوی یەکەم، گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی هەر چەکدارێکی دەرەوەی دەوڵەت و لەناوبردنی ژێرخانی سەربازییان، لەوانە تونێلەکان، کۆگاکانی چەک و سەنتەرەکانی فەرماندەیی؛ هەنگاوی دووەم؛ لایەنێکی سێیەمی بێلایەن کە هەردوولا لەسەری کۆکن پشکنین دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ هێز و چەکێکی حزبوڵڵا؛ هەنگاوی سێیەم؛ سوپای لوبنان بە شێوەیەکی چڕ و بەهێز جێگیر دەبێت و وەک تەنیا هێزی فەرماندەیی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە بۆ رێگری لە هەر جموجۆڵێکی چەکداری؛ هەنگاوی چوارەم؛ لوبنان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات.
هەروەها لە بەڵگەکاندا هاتووە، بڕیاردراوە بە دامەزراندنی گرووپی هەماهەنگیی سەربازی بۆ لوبنان کە بە کورتکراوەی (MCG4L) دەناسرێت. ئەم گرووپە شەو و رۆژ کار بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە و رێگری لە هەر پێکدادانێک دەکات. ئەم لیژنەیە راپۆرتەکانی راستەوخۆ دەداتە دەسەڵاتی سیاسیی هەردوو وڵات.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەکان ئاماژەی بەوە کراوە، سوپای لوبنان پابەندبوونی خۆی دەربڕیوە بۆ گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست تاوەکو دڵنیایی بدات کە حزبوڵڵا و هەر گرووپێکی دیکەی چەکداری بێچەک دەکرێن و هیچ جۆرە توانست و رۆڵێکی سەربازییان لە ناو خاکی لوبناندا نامێنێت.
لە بەرامبەر دڵنیایی و پشتڕاستکردنەوەی پڕۆسەی بێچەککردنی گرووپەکان، ئیسرائیل پابەند بووە بە کەمکردنەوە و کشانەوەی هێزەکانی لە خاکی لوبنان بە چەند قۆناخێکی مەرجدار، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سوپای لوبنان لەو شوێنانەدا.
ئامانجی ئەم رێککەوتنە گێڕانەوەی سەروەریی تەواوەتیی لوبنانە بۆ سەرجەم خاکەکەی و دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ ئیسرائیل، بە جۆرێک کە تەنیا دەوڵەت خاوەنی چەک و بڕیار بێت.
ئەم رێککەوتنە کە بە ناوبژیوانی و ئاسانکاریی ئەمریکا ئەنجام دراوە، بڕیارە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و هەر کێشەیەک لە لێکدانەوەی دەقەکاندا هەبێت، لە رێگەی گفتوگۆی سێ قۆڵییەوە چارەسەر بکرێت.