ئاسایشی سۆران تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد لە سۆشیاڵ میدیا تەشهیری بە خەڵک دەکرد
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران ئاشکرای دەکات، تۆمەتبارێکیان لە رواندز دەستگیرکردووە، ماوەی چەند ساڵێکە چەند ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (فەیسبووک و ئینستاگرام و تیک تۆک) بە ناو و ناونیشانی دیاریکراو لە سنووری قەزای رواندز تەشهیریان بە خەڵک دەکرد.
ئەمرۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران، بەشی ئاسایشی رواندز بڵاویکردەوە، ماوەی چەند ساڵێکە چەند ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (فەیسبووک و ئینستاگرام و تیک تۆک) بە ناو و ناونیشانی دیاریکراو لە سنووری قەزای رواندز، بەشێوەیەکی بەربڵاو وێنە و ڤیدیۆ و نووسینی نەشیاویان بڵاودەکردەوە و تەشهیریان بە خەڵک دەکرد.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و وەرگرتنی سکاڵای یاسایی چەند هاوڵاتییەک، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی رواندز، بەدواداچوونمان بۆ ئەو ئەکاونتانە کرد کە ببوونە هۆی هەراسانکردنی خەڵکی ناوچەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران رایگەیاندووە، لە رێککەوتی 22ـی حوزەیرانی 2026، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆلینەوەی رواندز و بەدەستهێنانی بەڵگەی پێویست، توانیمان تۆمەتبارێک بە ناوی (ع.ح.خ) دەستگیر بکەین. دوای لێکۆلینەوەی وورد لەگەڵ ناوبراو دانی بە تاوانەکانیدا نا کە بریتی بوون لە دەستبەسەرداگرتن و بەکارهێنانی ئەکاونتی هاوڵاتییان بە ئارەزووی خۆی، بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەری گیراوەتە بەر.
ئاسایشی سۆران داوا لە هاوڵاتییان دەکات، پاسۆرد و ئەکاونتەکانیان پارێزراو بێت و بە هیچ شێوەیەک لینک و بەستەری نەناسراو نەکەنەوە تاوەکو دڵنیا نەبن لە سەلامەتییەکەی.