ئێران: هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەمریکا ناکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەکی دانوستاندن لەسەر هیچ ئاستێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە بەرنامەی کاردا نییە.

دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، سەردانی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ قەتەر هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانی شاندە ئێرانییەکەوە نییە کە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن دەچنە دەوحە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوودا هیچ کۆبونەوە و دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام نادەن.

بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بارودۆخی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتەکە، بەتایبەت فرۆشتنی نەوت و دەستگەیشتن بە داراییە بلۆککراوەکان گوتی: "سەبارەت بە پابەندییەکانی ئەمریکا لە بڕگەی 10ـدا فرۆشتنی نەوت، مۆڵەتە پێویستەکان لەلایەن ئەمریکاوە دەرکراون و ئێمە چاودێری پڕۆسەی جێبەجێکردنەکەی دەکەین." هەروەها راشیگەیاند، ئەم هەفتەیە شاندێکی پسپۆڕ رەوانەی دەوحە دەکرێت بۆ بەدواداچوونی بڕگەی 11 کە تایبەتە بە ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی گوتی: "هێشتا نەچووینەتە قۆناغی دانوستاندن بۆ رێککەوتنی کۆتایی." گوتیشی،" بەپێی بڕگەی 13ـی یاداشتی لێکتێگەیشتن، دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی بەندە بە دەستپێکردن و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی 1، 4، 5، 10 و 11.

ئەم لێدوانانەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو،"ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە و سبەی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت."

​لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا تیمە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران لە پایتەختی قەتەر کۆدەبنەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.

​ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکی تیمە تەکنیکییەکان چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتنامەکەیە، هاوکات نێوەندگیرەکان کەناڵی پەیوەندی تایبەتیان دروستکردووە بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات.